ڕۆبۆتێکی خزمەتگوزاری لە کۆنترۆڵ دەردەچێت و دەست بە سەما دەکات

PM:02:25:18/03/2026

48 جار خوێندراوەتەوە

لە ڕووداوێکی سەیردا، ڕۆبۆتێکی خزمەتگوزاری لە لقێکی چێشتخانەی بەناوبانگی "هایدیلاو" لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، بەهۆی تێکچوونێکی تەکنیکییەوە دەستی کرد بە سەماکردنێکی بێسەروبەرە و کۆنترۆڵنەکراو، ئەمەش وای کرد کارمەندانی چێشتخانەکە بە ناچاری دەستتێوەردان بکەن.

بەپێی بڵاوکراوەیەکی ماڵپەڕی "ndtv"، ئەم ڕۆبۆتە کە بە شێوەیەک دیزاین کراوە هاوکاریی کارمەندان بکات و کڕیارەکان دڵخۆش بکات، بەڵام لەپڕدا لە فەرمانەکان دەرچوو و بە شێوەیەکی سەیر لە ناو هۆڵی چێشتخانەکەدا دەستی بە جووڵە کرد.

گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە خێرایی بڵاوبوونەتەوە، نیشانی دەدەن کە چۆن سێ کارمەندی چێشتخانەکە هەوڵ دەدەن ڕۆبۆتەکە ڕابگرن و ڕێگریی لێ بکەن لەوەی زیان بە کەس بگەیەنێت، لە کاتێکدا کڕیارەکان بە سەرسوڕمانەوە سەیری ئەو دیمەنە کۆمیدی و نامۆیەیان دەکرد.

چێشتخانەی "هایدیلاو" لە ئاستی جیهاندا بەوە ناسراوە کە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و ڕۆبۆت بۆ خزمەتکردنی کڕیارەکانی بەکاردەهێنێت، بەڵام ئەم ڕووداوە پرسیاری لەسەر ئاستی متمانەپێکردنی ئەم ئامێرانە لە شوێنە گشتییە قەرەباڵغەکاندا دروست کردووە.

هەرچەندە ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە، بەڵام بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە گاڵتەوگەپەوە باس لەوە دەکەن کە تەنانەت ڕۆبۆتەکانیش هەندێکجار پێویستیان بە کاتێکی خۆش و سەماکردن هەیە.

تا ئێستا کۆمپانیاکە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی دەربارەی هۆکاری سەرەکیی ئەو تێکچوونە تەکنیکییە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ڤیدیۆی "ڕۆبۆتە سەماکەرەکە" هێشتا یەکێکە لە ترێندە هەرە گەرمەکانی ئەم هەفتەیە.