ژنێکی تەمەن ٦٣ ساڵ منداڵێکی بوو

PM:07:40:17/03/2026

6440 جار خوێندراوەتەوە

ژنێکی چینی تەمەن ٦٣ ساڵ، تەنیا ساڵێک دوای مردنی کوڕەکەی کچێکی بوو، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی کە کوڕەکەی لەدوای خۆی جێیهێشتبوو.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "scmp"، ئەم خانمە لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری (سۆنگ یوان) لە پارێزگای جیلین لە باکووری ڕۆژهەڵاتی چین، منداڵەکەی لەدایکبوو، ئەمەش نزیکەی دوو هەفتە پێش وادەی دیاریکراوی لەدایکبوونەکەی.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دایکەکە و کۆرپەلەکەی کە کێشی نزیکەی ٢.٨ کیلۆگرام بوو لە دۆخێکی تەندروستی جێگیردایە، هەرچەندە ناوی خانمەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام چیرۆکەکەی سەرنجی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە چین ڕاکێشاوە، بەتایبەت کە لەم تەمەنە و بە تەکنیکی پیتاندنی دەستکرد دووگیان بووە.

ئەم خانمە لە شوباتی ساڵی ڕابردوودا کوڕەکەی لەدەستداوە، کە لە تەمەنی ٣٥ ساڵیدا بەهۆی جۆرێکی نادیاری شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کردبوو.

خانمەکە لە لێدوانێکیدا وتی "دوای مردنی کوڕەکەم، من و هاوسەرەکەم زۆر نیگەران بووین، کەشێکی زۆر قورس باڵی بەسەر ماڵەکەماندا کێشابوو، بەڵام لەو کاتەی دووگیان بووم، دووبارە هەستمان بە شادی کردەوە ئەگەر ئەم منداڵە نەبوایە، هێزی بەردەوامیمان نەدەبوو"

ئەو خانمە ڕوونی کردەوە کە خۆی و هاوسەرەکەی مووچەیەکی خانەنشینییان هەیە کە مانگانە دەگاتە ١٠ هەزار یوان (نزیکەی ١٤٠٠ دۆلار)، جگە لە داهاتێکی کەم لە پڕۆژەیەکی بازرگانی بچووک.

ئاماژەی بەوەش کرد کە برازایەکی بەڵێنی پێداون لە داهاتوودا ئاگاداری کچەکەیان بێت ئەگەر خۆی و هاوسەرەکەی کۆچی دواییان کرد، ئەمەش هەستی دڵنیایی پێ بەخشیوە.

ئەم چیرۆکە مشتومڕێکی زۆری لە چین دروست کردووە؛ هەندێک بە هەنگاوێکی بوێرانە و ئیرادەی ژیان ناویان بردووە، دەڵێن منداڵەکە هاندەرێکی نوێیە بۆ ژیان، لە بەرامبەردا، هەندێکی دیکە ڕەخنەیان گرتووە و پێیان وایە منداڵەکە لە داهاتوودا ڕووبەڕووی بارگرانییەکی زۆر دەبێتەوە، چونکە دایک و باوکی لە تەمەنێکی زۆر گەورەدا دەبن کاتێک ئەو گەورە دەبێت.