وێنای بکە دەچیتە کافتریایەک بۆ
کڕینی کوپێک قاوە، بەڵام کاتێک سەیری باڵانسی کارتەکەت دەکەیت، دەبینیت سەروەت و
سامانەکەت ٦٧٠ هێندەی تەواوی ئابووری جیهانە ئەمە تەنها خەیاڵ نییە، بەڵکو چیرۆکی ئەو
کچە بەریتانییەیە کە بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە، ناوی چووە مێژووەوە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی " arabic.rt"، سۆفی داونینگی تەمەن 29 ساڵ، کە
نیشتەجێی شاری نۆتینگهامە، بۆ کڕینی کوپێک "ماتشا لاتێ" سەردانی
کافتریای (200 Degrees Coffee) دەکات. سۆفی کارتێکی دیاری پێبووە کە
تەنها ١٠ پاوەندی تێدابووە، بەڵام کاتێک کارمەندەکە کارتەکەی تۆمار کردووە شاشەی
ئامێرەکە ژمارەیەکی خەیاڵی نیشان داوە کە تێیدا هەمووانی تووشی شۆک کردووە
باڵانسی ناو کارتەکەی سۆفی
گەیشتووەتە زیاتر لە ٦٣ کوادریلۆن پاوەند، بۆ ئەوەی قەبارەی ئەم دەوڵەمەندییە بزانیت، سەیری
ئەم بەراوردکارییانە بکە:
- 100 هەزار جار لە ئیلۆن ماسک دەوڵەمەندترە.
- 670 هێندەی هەموو ئابووری جیهانە.
- 2700 هێندەی کۆی بەرهەمی نیشتمانیی ئەمریکایە.
سۆفی بە پێکەنینەوە باسی ئەو ساتە
دەکات و دەڵێت "دەموچاوی کارمەندەکە زۆر تێکچوو، وتی هەرگیز شتی وا و ژمارەی
وام نەبینیوە"، هەروەها بە گاڵتەجاڕییەوە دەڵێت " دەتوانم بچمە ناو
کافتریایەکە و هەرچی لەسەر ڕەفەکانە بیکڕم"
خاوەنی کافتریایەکە ڕایگەیاندووە کە
ئەمە تەنها هەڵەیەکی کارگێڕی بووە لەبری ئەوەی بڕی 10 پاوەندەکە تۆمار بکرێت کارمەندەکە
بە هەڵە ژمارەی بارکۆدی سەر کارتەکەی وەک پارە تۆمار کردووە ئەمەش وایکردووە سۆفی
بۆ ماوەیەکی کاتی ببێتە دەوڵەمەندترین کەس لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.