گەنجینەیەک کە نزیکەی ٢٠ هەزار دراوی زیوی
تێدابوو لە کاتی کارەکانی نۆژەنکردنەوە لە کۆشکێکی مێژوویی لەسەر کەناری بێرسنیڤسکایا
لە ناوەڕاستی مۆسکۆ دۆزرایەوە.
بەپێی ماڵپەڕی "Naukatv.ru"، ئەو دراوە زیویانە لەناو
دەفرێکی سیرامیکدا لە نهۆمی دووەمی شوێنی نیشتەجێبوونی بازرگان ئاڤێرکی کیریلۆڤ شاردرابوونەوە،
ئۆلگا لیوبیمۆڤا وەزیری ڕۆشنبیری ڕووسیا لە کەناڵی تێلێگرامی خۆی دۆزینەوەکەی ڕاگەیاند
و ئەو گەنجینەیەی بە یەکێک لە گرنگترین دۆزراوەکان ناوبرد.
ئاڤێرکی کیریلۆڤ بازرگانێکی دیار بوو لە سەدەی
١٧ی مۆسکۆدا، خاوەنی کۆشکێکی گەورەی شایستە بوو، کە ئێستا بە شوێنێکی گرنگی تەلارسازی
دادەنرێت، ئەو بازرگانە رۆڵی سەرەکی لە پەیوەندییە ئابوورییەکاندا هەبووە، وەک ناوەندێک
لە نێوان بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی و بازرگانانی بیانی و دەوڵەتدا ڕۆڵی هەبووە.
بەپێی زانیارییەکان، مێژووی دراوەکان دەگەڕێتەوە
بۆ کۆتایی سەدەی ١٦ و سەرەتای سەدەی ١٧، کە قۆناغێکی گێژاوی سیاسی قووڵ بوو لە ڕووسیا،
کە کۆتایی هاتنی شانشینی ڕوریک و سەرەتای ئەو کاتەیە کە بە "سەردەمی تاریک"
ناسراوە. لەم سەردەمەدا زیو تەنها ئامرازێکی پارەدان نەبوو بەڵکو کۆگایەکی متمانەپێکراو
بوو بۆ بەها لە سەردەمی ناسەقامگیری و چاکسازی دراویدا.
وەزارەتی ڕۆشنبیری دووپاتی کردەوە کە گەنجینەکە
بە وردی بەڵگەنامە و لێکۆڵینەوەی بۆ دەکرێت، و بۆ مەبەستی زانستی دەپارێزرێت، شارەزایان
بە بەکارهێنانی تەکنیکە مۆدێرنەکانی نۆژەنکردنەوە و شیکاری ژمارەی وردی دراوەکان و
پێکهاتەی کۆگاکە و بەهاکەی دیاری دەکەن.