تیمێکی زانایان قۆناغێکیان لە ژیاندا دەستنیشان
کرد کە بە بەرزترین ئاستی ماندوێتی جەستەیی و دەروونی تایبەتمەندە.
تیمی لێکۆڵینەوەکە ڕوونیان کردەوە کە چلەکانی
تەمەن ماندووترین قۆناغی ژیانە، پرۆفیسۆر میشێل سپێر لە زانکۆی بریستۆڵ، ئاماژەی
بەوەکرد کە ئەمە تەنها بەهۆی پیربوونەوە نییە، بەڵکو بۆ هاوکاتی گۆڕانکارییە بایۆلۆژییە
وردەکان لەگەڵ لوتکەی داواکارییەکانی ژیان و کار و پەروەردەکردنی منداڵان
دەگەڕێتەوە.
سپێر دەڵێت "ماندوێتی ناوەڕاستی تەمەن بە
ناتەبایی لە نێوان توانا بایۆلۆژییەکان و داواکارییەکانی ژیان تێدەگەین، جەستەمان هێشتا
توانای بەرهەمهێنانی وزەی هەیە، بەڵام لە ژێر بارودۆخێکی جیاوازدا بە بەراورد بە سەرەتای
تەمەنی گەورەبوون ئەو کارە دەکات، لەکاتێکدا زۆرجار داواکاری وزە دەگاتە لوتکە".
لە تەمەنی بیست ساڵیدا جەستە زیاتر بەرگەی بایۆلۆجی
دەگرێت، چاکبوونەوەی ماسولکەکان خێراترە، وەڵامەکانی هەوکردن کورتترن و بەرهەمهێنانی
وزە لە ئاستی خانەدا کارا دەبێت، مایتۆکۆندریای کارگەکانی وزە لەناو خانەکاندا، وزەیەکی
زۆر بە جەستە دابین دەکەن لە هەمان کاتدا کەمترین بەفیڕۆدان و بەرهەمە لاوەکییەکانی
هەوکردن.
لەگەڵ
هەڵکشانی تەمەندا گۆڕانکارییە وردەکان
دەست دەکەن بە تێکدانی ئەم سیستەمە، بەم شێوەیە:
١. لەدەستدانی بارستەی ماسولکەکان: لە کۆتایی
سیەکانی تەمەنەوە دەست پێدەکات، بارستەی ماسولکەکان کەم دەبێتەوە ئەگەر لە ڕێگەی ڕاهێنانی
هێزەوە پارێزگاری لێ نەکرێت، وا دەکات کەسەکە نەتوانێت وەک پێشتر چالاکییەکانی
رۆژانەی ئەنجامبدات.
٢. کەمبوونەوەی کارایی مایتۆکۆندریال: مایتۆکۆندریاکان
بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی وزە، بەڵام کەمتر کارا دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی
ماندوێتی و بەفیڕۆدانی خانەکان.
٣. تێکچوونی خەو:
سیستەمی ڕێکخستنی خەو کەمتر جێگیر دەبێت، هەروەها خەو سووکتر و پچر پچر دەبێت بەهۆی
گۆڕانی هۆرمۆنەکان و زیادبوونی ئاستی کۆرتیزۆڵ لە شەودا.
٤. زیادبوونی فشاری دەروونی: لە تەمەنی ناوەڕاستدا،
تاکەکان بەهۆی فرەکارکردن و کارکردن و چاودێریکردنی خێزانەوە ڕووبەڕووی بارگرانییەکی
بەرچاوی مەعریفی و سۆزداری دەبنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ماندوێتی تەنانەت بەبێ
ماندووبوونی جەستەیی بەرچاو.