کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسک وەبەرهێنەرانی ئاگادار کردووەتەوە کە
یەکەمجار دەچینە سەر مانگ و دواتر هەوڵی چوونە سەر مەریخ و ئاوادانکردنەوەی دەدەن.
بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ملیاردێری ئەمریکی ئیلۆن مەسک گۆڕانکاریی گەورەی
لە پلانەکانی کردووە و رایگەیاندووە کە سەرەتا کار لەسەر ئاوادانکردنەوە و بونیاتنانی
شارێکی گەشەسەندوو لەسەر رووی مانگ دەکەن دواتر لە مەریخ ئەنجامی دەدەن، ئامانج
لەم کارەشی پاراستنی ئایندەی شارستانییەتە، بۆ ئەمەش مانگ رێگەیەکی خێراترە بۆ گەیشتن
بەو ئامانجە.
مەسک لە بڵاوکراوەیەکیدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە " X" ئاماژەی بەوە
کردووە "سپەیس ئێکس سەرەتا ئامانجی دروستکردنی شاریکە لەسە مانگ دواتر مەریخ
چونکە بونیاتنانی شارێک لەسەر مانگ دەکرێت لە ماوەی کەمتر لە ١٠ ساڵدا ئەنجام
بدرێت، لە کاتێکدا جێبەجێکردنی هەمان پلان لەسەر مەریخ پێویستی بە زیاتر لە ٢٠ ساڵ
هەیە"
لە درێژەی قسەکانیشیدا وتی " ئەرکی سپەیس ئێکس وەک خۆی دەمێنێتەوە،
زیادکردنی هۆشیاری و ژیان کردن لە بۆشایی ئاسماندا، گەشتکردن بۆ مەریخ ٢٦ مانگ جارێک دەکرێت و شەش مانگیشی پێ دەچێت لەکاتێکدا
دەتوانین هەر ١٠ ڕۆژ جارێک گەشت بکەین و تەنیا دوو رۆژیش دەخایەنێت، ئەمەش واتە دەتوانین
شارێک لەسەر مانگ دروست بکەین زۆر خێراتر لەوەی کە بتوانین شارێک لەسەر مەریخ دروست
بکەین".
مەسک ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیای سپەیس ئێکس ئێستاش لەسەر پلانەکانی
خۆی بەردەوامە و بە نیازی دروستکردنی شارێکە لەسەر مەریخ، بەڵام دەستپێکردنی ئەو پڕۆژەیە
بۆ پێنج تا حەوت ساڵی دیکە دواخراوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە کۆمپانیای سپەیس ئێکس کۆمپانیای "xAI"ی کڕی کە کۆمپانیای موشەک و مانگی دەستکرد لەگەڵ کۆمپانیای زیرەکی دەستکرد
تێکەڵ دەکات کە چاتبۆتی گرۆکی دروستکردووە، بەم شێوەیەش دوو لە گەورەترین کۆمپانیاکانی
مەسک یەکدەگرن.