زۆرێک لە خواردنەوەکان
بە چارەسەرێکی خێرا بۆ گەڕانەوەی وزە دادەندرێن، بەڵام لە نێوان چا و قاوە، کامیان وزەی باشتر دابین دەکەن؟،
کامیان ماندووێتی کەمدەکانەوە یان چۆن کاریگەری لەسەر مێشک و کۆئەندامی دەمار هەیە؟.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە لە ماڵپەڕی " Health"
بڵاوکراوەتەوە، هەردوو خواردنەوەکە کافاینیان تێدایە، بەڵام جیاوازیی بنەڕەتی هەیە
لە خێرایی هەڵمژین و سروشتی وەڵامدانەوەی دەمارەکان و جۆری وزەی بەرهەمهێنراو، ئەمەش
وا دەکات هەڵبژاردن ببێتە بابەتی تاکەکەسی کە بەندە بە هەستیاری و شێوازی ژیانی جەستە.
قاوە خێراترین سەرچاوەی وزەیە، بەو پێیەی کافاین
لە ماوەی چەند خولەکێکدا دەگاتە خوێن، ئەمەش دەبێتە هۆی هاندانی کۆئەندامی دەمار و
زیادبوونی خێرای هۆشیاری، ئەم کاریگەرییە بەهێزە وای لێدەکات ببێتە هەڵبژاردەی پەسەندکراو
لە بەیانیاندا یان پێش ئەرکە دەروونییە چڕەکان، بەڵام بۆ هەندیک کەس رەنگە کاریگەرییەکەی
کورتخایەن بێت دواتر بە خێرایی وزەکەی کەمببێتەوە.
لە بەرامبەردا چا بە شێوەیەکی خاوتر و ئارامتر
کاردەکات، کافاینی ناو چا بە هێواشی هەڵدەمژرێت بەهۆی بەستنەوەی لەگەڵ پێکهاتەکانی
تری ڕووەکی، لە ئەنجامدا وزەی درێژخایەن و کەمتر ناجێگیر دابین دەکات، ئەمەش وا دەکات
چا گونجاو بێت بۆ ئەوانەی بەدوای وزە و تەرکیزی بەردەوامدا دەگەڕێن بەبێ لەرزین و
خێرا لێدانی دڵ.
جیاوازی لە ڕێژەی کافاین ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت،
بە شێوەیەکی گشتی قاوە ڕێژەیەکی زۆر زیاتری کافاینی تێدایە بە بەراورد بە چا، ئەمەش
کاریگەری بەهێزتر و خێراتری هەیە.
هەموو قاوەیەک لە کاریگەرییەکانیدا وەک یەک دروست
نابێت چونکە جۆری قاوە و شێوازی لێنانی قاوە و قەبارەی کوپەکە هەموویان کاریگەرییان
لەسەر ڕێژەی کۆتایی کافاین هەیە، هەندێک لە شێوازەکانی دروستکردنی خواردنەوەیەکی چڕ
بەرهەم دەهێنن کە ڕەنگە ئاستی هۆشیاری لە ڕادەبەدەر بەرز بکاتەوە، لە کاتێکدا هەندێکی
تر کاریگەرییەکی مامناوەندتر بەرهەم دەهێنن هەروەها قاوەی بێ فلتەر دەتوانێت کاریگەری
لەسەر چەوری خوێن هەبێت ئەگەر زیادەڕۆیی تێدا بکرێت.
چا ئاوێتەگەلێکی تێدایە کە یارمەتی ئارامبوونەوەی
دەروون دەدات ئەم کاریگەرییەش وای لێدەکات ببێتە هەڵبژاردەیەکی پەسەندکراو لە پاشنیوەڕۆدا،
یان بۆ ئەو کەسانەی هەستیارن بە کافاین هەیە.
زۆر خواردنی قاوە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانە
ناخۆشەکانی وەک دەمارگیری، تێکچوونی خەو، خورانی گەدە، یان لێدانی خێرای دڵ، بەتایبەتی
کاتێک لەسەر گەدەی بەتاڵ دەخورێتەوە، هەرچەندە چا کاریگەری کەمتری هەیە بەڵام زیادەڕۆیی
لە خواردنەوەی دەتوانێت کێشەی هاوشێوە دروست بکات.
هەڵبژاردنی نێوان چا و قاوە بەندە بە خودی
کەسەکە خۆیەوە، ئەوانەی پێویستیان بە زیادکردنی خێرا و بەهێزە، ڕەنگە زیاتر
ئارەزووی قاوە بکەن لەکاتێکدا ئەوانەی کە زیادکردنی وزەی هاوسەنگیان پێ باشترە چا بە
بژاردەیەکی گونجاو دەزانن.