خورما وەک ژەمێکی وزەبەخش وایە کە
هاوسەنگی بۆ جەستە دەگەڕێنێتەوە، گەدە بۆ ژەمی سەرەکی ئامادە دەکات و بەهۆی
دەوڵەمەندی بە پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم، خانەکانی جەستە دووبارە دەبوژێنێتەوە.
لە بابەتێکی ماڵپەڕی " arabic.rt" ئاماژەی پێکراوە، دوای چەندین کاتژمێر
لە ڕۆژووگرتن، ئاستی شەکر لە خوێندا کەمدەبێتەوە و جەستە پێویستی بە سووتەمەنییەکی
خێرا و تەندروست هەیە، لێرەدا ڕۆڵی خورما دەردەکەوێت کە نزیکەی %٧٥ی لە شەکرە
سروشتییەکان (گلوکۆز، فرکتۆز و سوکرۆز) پێکهاتووە، ئەم شەکرانە بە خێرایی دەچنە
ناو خوێن و وزەیەکی دەستبەجێ بە ڕۆژووەوان دەبەخشن، بێ ئەوەی وەک شیرینییە
دەستکردەکان ببنە هۆی بەرزبوونەوە و دابەزینی کتوپڕی شەکر.
دیارترین سوودەکانی خورما لە
ڕەمەزاندا:
١. پاراستنی
تەندروستی ئێسکەکان، کە یارمەتی جەستە دەدات بۆ هەڵمژینی کانزا سەرەکییەکانی وەک
کالیسیۆم، فۆسفۆر و مەگنیسیۆم، ئەمەش ئێسکەکان بەهێز دەکات و لە نەخۆشییەکانی وەک
پوکانەوە دەیانپارێزێت.
٢. چارەسەری کێشەکانی کۆئەندامی هەرس
دەکات، قەبزی یەکێکە لە کێشە باوەکانی مانگی ڕەمەزان، خورما بڕێکی زۆر ڕیشاڵی
تێدایە کە وەک ڕێکخەرێکی سروشتی کاردەکات و جوڵەی ڕیخۆڵەکان چالاک دەکات.
٣. خورما ڤیتامین B6ی تێدایە کە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی
هۆرمۆنی بەختەوەری، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە کەمیی ئەم ڤیتامینە دەبێتە هۆی
خەمۆکی.
٤. جگە لە شەکرە خێراکان، ئەو
ڕیشاڵانەی لە خورمادا هەن وا دەکەن وزەکە بۆ ماوەیەکی درێژ لە جەستەدا بمێنێتەوە،
ئەمەش ڕێگری دەکات لەو تەمەڵی و بێهێزییەی کە دوای نانخواردن دروست دەبێت.
٥. بەهۆی
هەبوونی بڕێکی زۆر لە پۆتاسیۆم، خورما یارمەتی ڕێکخستنی پەستانی خوێن دەدات،
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە خورما مەترسییەکانی جەڵتەی دڵ و مێشک دوور دەخاتەوە.
٦. خواردنی
بەردەوامی خورما دەبێتە هۆی زیادبوونی بەکتریا سوودبەخشەکان لە ناو ڕیخۆڵەدا، ئەم
بەکتریانە ڕێگری لە گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان دەگرن، بەتایبەت شێرپەنجەی کۆڵۆن.
٧. وشکبوونەوەی جەستە لە کاتی
ڕۆژوودا کاریگەری لەسەر پێست دەبێت، بەڵام دژە ئۆکسانە بەهێزەکانی ناو خورما، وەک
(فلاڤۆنۆید و کارۆتینۆید)، خانەکانی پێست لە تێكچوون دەپارێزن و بەرهەمهێنانی
کۆلاجین زیاد دەکەن.
٨. سەرەڕای شیرینییەکەی، خورما
دەتوانێت یارمەتی دابەزاندنی کێش بدات، ڕیشاڵە زۆرەکەی وادەکات بۆ ماوەیەکی زۆر
هەست بە تێربوون بکەیت، ڕێگری دەکات لە کۆبوونەوەی چەوری، هەروەها میتابۆلیزم چالاک
دەکات.