چۆن لە یەکەم رۆژی رەمەزاندا جەستەت لە ماندوێتی و تینوێتی دەپارێزیت؟

PM:05:07:18/02/2026

496 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ دەستپێکی مانگی رەمەزان، جەستە ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکی کتوپڕ دەبێتەوە لە سیستمی خواردن، خواردنەوە و خەودا، شارەزایانی تەندروستی و خۆراک هۆشداری دەدەن لە چەند هەڵەیەکی باو کە دەبێتە هۆی بێهێزی و ماندووێتی جەستە.

لە بابەتێکی ماڵپەڕی " eremnews"دا ئاماژەی پێکراوە کە شارەزایانی تەندروستی و خۆراک ئاماژە بە چەند رێنماییەک دەکەن بۆ ئەوەی جەستە بە تەندروستی بهێڵیتەوە، بەم شێوەیە:

١. راستەوخۆ دوای رۆژوو شکاندن ئاوی زۆر مەخۆرەوە، پێویستە بڕی ٢ بۆ ٢.٥ لیتر ئاو بە درێژایی شەوەکە دابەش بکەیت، ئەمە وا دەکات جەستەت بە باشی ئاوەکە هەڵبمژێت و لە کاتی بەڕۆژووبووندا تووشی سەرئێشە و بێهێزی نەبیت.

٢. ژەمی پارشێو دەبێت هاوسەنگ بێت هەوڵبدە پارشێوەکەت (دانەوێڵە، هێلکە، ئاڤۆکادۆ، یان چەرەسات)ی تێدابێت، ئەم جۆرە خۆراکانە وزە بە هێواشی دەدەن بە جەستە و وا دەکەن بۆ ماوەیەکی زۆر هەست بە تێری بکەیت.

٣. شارەزایان هۆشداری دەدەن دووربکەونەوە لەو خواردنەوانەی ڕێژەیەکی زۆر کافاینیان تێدایە وەک قاوە و چا یان شەکر و سۆدەیان تێدایە چونکە ئەم خواردنەوانە دەبنە هۆی زوو میزکردن و جەستە وشک دەکەنەوە.

٤. تەنیا خواردن گرنگ نییە، بەڵکو خەوی باشیش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر چالاکیی جەستەت هەیە، گۆڕانی کتوپڕی کاتەکانی خەو دەبێتە هۆی نەمانی تەرکیز، بۆیە هەوڵبدە لە شەودا کاتێکی گونجاو بۆ پشوودانی مێشکت تەرخان بکەیت.