دوای ٥ ساڵ لە ونبوونی، دواجار پشیلەیەک گەڕێندرایەوە بۆ خاوەنەکەی

PM:03:19:19/03/2026

88 جار خوێندراوەتەوە

خێزانێکی نیشتەجێی ویلایەتی مێریلاند لە ئەمریکا تووشی شۆک بوون کاتێک پشیلەکەیان کە ون ببوو، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو گەڕایەوە باوەشیان.

بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "upiئەم پشیلەیە کە ناوی "ئارتەمیس"ە، لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە لە ماڵەکەی خۆیان لە ناوچەی هیکۆری چووبووە دەرەوە و چیتر نەگەڕابووەوە، سەرەڕای ئەوەی خێزانەکەی بۆ ماوەیەکی درێژ بە دوایدا گەڕابوون و وێنەکانیان لە هەموو شوێنێک بڵاوکردبووەوە, بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بوو.

ڕووداوەکە کاتێک دەستی پێکرد کە ژنێک سەردانی پەناگەی ئاژەڵانی ناوچەکەی کرد و ڕایگەیاند کە پشیلەیەکی لە ژێرزەمینی ماڵەکەیدا دۆزیوەتەوە.

کارمەندانی پەناگەکە دوای پشکنینی پشیلەکە و خوێندنەوەی ئەو چیپە بچووکەی کە لە ژێر پێستیدا چێنرابوو، توانیان ناسنامەی ڕاستەقینەی پشیلەکە و ناونیشانی خاوەنەکەی بدۆزنەوە.

خێزانی گارسیا باس لەوە دەکەن کە کاتێک هەواڵەکەیان پێ گەیشتووە نەیانتوانیوە باوەڕ بکەن، بەڵام بینینی ئارتەمیس دوای ئەو هەموو ساڵە وەک پەرجوویەک بووە، بەڵام هەرچۆنێک بێت لە کۆتاییدا ئارتەمیس دوای پێنج ساڵ گەڕایەوە ناو خێزانەکەی.

بەرپرسانی پاراستنی ئاژەڵان ئەم ڕووداوە وەک بەڵگەیەکی بەهێز دەبینن بۆ گرنگی بەکارهێنانی چیپی ئەلیکترۆنی بۆ ئاژەڵە ماڵییەکان، چونکە بەبێ ئەو چیپە، گەڕانەوەی ئارتەمیس بۆ ماڵەکەی خۆی کارێکی مەحاڵ دەبوو.