لە ڕەمەزاناندا ژنانی ئەم گوندە پشوو دەدەن، پیاوەکان ئەرکی چێشتلێنان دەگرنە ئەستۆ

PM:06:20:17/03/2026

12784 جار خوێندراوەتەوە

ژنانی گوندی یایگیلار لە تورکیا، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە مانگی ڕەمەزان بەبێ ئەوەی هیچ کامێکیان لە ماڵەوە ژەمی بەربانگیان ئامادە کردبێت، ئەمەش بەهۆی پشتبەستن بە چێشتلێنەرە پیاوەکان بۆ ئامادەکردنی بەربانگێکی بەکۆمەڵ بۆ سەرجەم دانیشتووانی گوندەکە لە درێژەی مانگەکەدا.

ئەم گوندە سەر بە شارۆچکەی ئەرەبڵییە لە پارێزگای یوزگات لە ناوەڕاستی تورکیادا، تایبەتمەندیی ئەم گوندە ئەوەیە کە هەموو ساڵێک لە مانگی ڕەمەزاندا تەواوی دانیشتووانەکەی پێکەوە بەربانگ دەکەن، ئەم نەریتەش لەو ناوچەیەدا بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەتەوە.

نزیکەی ٥٠٠ کەس، کە تەواوی دانیشتووانی گوندی یایگیلارن لە پیاوان، ژنان و منداڵان، پێکەوە بۆ نانی بەربانگ کۆدەبنەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی نەریتێکدا کە جێگەی گرنگی و پشتیوانیی هەمووانە.

دانیشتووانی گوندەکە لە ڕەمەزانی ئەمساڵدا، لەناو هۆڵێکدا کە تایبەت بۆ کەشوهەوای سارد دروستیان کردووە بەربانگ دەکەنەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی ڕەمەزان کەوتووەتە وەرزی زستان، لە کاتێکدا لە ساڵانی ڕابردوودا لەناو خێمەدا کۆدەبوونەوە.

ژەمە بەربانگەکانی ڕۆژانە لە مەنجەڵی گەورەدا و لەسەر دەستی چێشتلێنەرە شارەزاکان ئامادە دەکرێن کە لەلایەن گوندنشینانەوە هەڵدەبژێردرێن، تێچووی خواردنەکانیش لە ڕێگەی بەخشینەوە دابین دەکرێت.

تەنانەت ئەو کەسانەشی کە خەڵکی گوندەکەن و لە شارە دوورەکانی وەک ئەستەنبوڵ بۆ کار یان خوێندن دەژین، لە ڕێگەی بەخشینەکانیانەوە بەشداریی لەم بەرنامەی بەربانگکردنەدا دەکەن، بۆ ئەوەی وا دەربکەون کە لەگەڵ خێزانەکانیاندا ئامادەن.

کۆتایی بەربانگەکەش بە پێشکەشکردنی چای دێت، کە نەریتێکی چەسپاوی ناوچەکەیە و خەڵکی گوندەکە پێش گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە خەریکی گفتوگۆی بەکۆمەڵ دەبن.

ئەم بەربانگکردنە بەکۆمەڵە، دەرفەت بۆ ژنانی گوندەکە دەڕەخسێنێت کە لە مانگی ڕەمەزاندا لە ئەرکی خواردن لێنان و قاپ شوشتنی ڕۆژانە ڕزگاریان بێت، کە زۆرجار ژنان لە مانگی ڕەمەزاندا گلەیی لێ دەکەن.