دابەزاندنی کێش
پڕۆسەیەکە کە کاتی پێویستە و هەروەها ئەنجامدانی بە شێوەیەکی تەندروست کاریگەری
گەورەی دەبێ بەسەر جەستە و مێشکمانەوە.
پزیشکانی ناوەندی
"mayoclinic" ئاماژە بەوە دەکەن کە کلیلی سەرەکی
لە ئامادەیی دەروونی و دیاریکردنی پاڵنەرە ناوخۆییەکاندایە، چونکە دابەزاندنی کێش
پرۆسەیەکی کاتی نییە و پێویستی بە گۆڕینی خووە ڕۆژانەکان هەیە بۆ هەمیشە.
لەم ڕووەوە جەخت دەکرێتەوە کە دابەزاندنی تەنها
%٥ـی کێشی ئێستا دەبێتە هۆی پاراستنی مرۆڤ لە مەترسییەکانی تووشبوون بە
نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرەی جۆری دووەم.
لە ڕووی
سیستەمی خۆراکەوە، ڕێنماییەکان جەخت لەسەر کەمکردنەوەی کالۆری و زیادکردنی خواردنە
ڕووەکییەکان دەکەنەوە، بەتایبەت میوە و سەوزە و دانەوێڵە تەواوەکان کە بەهۆی بوونی
ڕیشاڵەوە هەستی تێربوون دەبەخشن.
هاوکات داوا دەکرێت کە بایەخ بە چەورییە
تەندروستەکانی وەک زەیتی زەیتون و ئەڤۆکادۆ بدرێت و لە بەرامبەردا خواردنە
پرۆسێسەکراوەکان و شەکرە دەستکردەکان سنووردار بکرێن.
لە لایەکی
دیکەوە، چالاکیی جەستەیی وەک پایەیەکی سەرەکیی ئەم پرۆسەیە ناسێنراوە، بە جۆرێک کە
پێویستە مرۆڤ لانی کەم ٣٠ خولەک وەرزشی ئایرۆبیک وەک ڕۆیشتنی خێرا ئەنجام بدات و
هەفتانە دوو جار ڕاهێنانی بەهێزکردنی ماسولکەکان بکات.
وە هەروەها پزیشکان
ڕێنمایی هاوڵاتییان دەکەن کە لە کاتی نانخواردندا بە وردی سەرنجیان لەسەر تام و
چێژی خواردنەکە بێت و دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی مۆبایل و سەیرکردنی تەلەفزیۆن
بۆ ئەوەی بڕێکی زیاتر لە پێویستی جەستە نان نەخۆن.