ئاژەڵێکی فێڵباز خۆی وەک بووکەڵە دەردەخات

AM:10:23:19/03/2026

468 جار خوێندراوەتەوە

ئاژەڵێکی فێڵباز لە ناو فرۆشگایەکی فرۆکەخانەدا خۆی دەشارێتەوە و پشێوی لە ناو فرۆکە خانەکەدا دروست دەکات.

گەشتیاران و کارمەندانی فڕۆکەخانەی هۆبارت لە تاسمانیای ئوسترالیا تووشی سەرسوڕمان بوون کاتێک ئاژەڵێکی کێوی لە جۆری "پۆسوم"یان دۆزییەوە کە بە شێوەیەکی زیرەکانە لە ناو ڕەفەی فرۆشگایەکی دیارییەکاندا و لە نێوان بووکەڵە هاوشێوەکانی خۆیدا خۆی حەشار دابوو.

ئەم ئاژەڵە بچووکە کە وەک بڵێیت دەیزانی چۆن خۆی ون بکات، بۆ ماوەیەک بە بێدەنگی لە تەنیشت بووکەڵەکانی هاوشێوەی خۆی دانیشتبوو، بەڵام سەرەنجام لە لایەن کارمەندانی فرۆشگاکەوە ناسرایەوە و بووە جێی سەرنجی میدیاکان.

لیام بلومفیڵد، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی فرۆشگاکانی فڕۆکەخانەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاژەڵەکە زۆر ئارام دیار بووە و هیچ نیشانەیەکی تێکچوونی دەروونی پێوە دیار نەبووە، بەڵام کاتێک بڕیاری داوە لە فرۆشگاکە بچێتە دەرەوە و پیاسەیەک لە هۆڵی چاوەڕوانی گەشتیاراندا بکات، بارودۆخەکە کەمێک شڵەژاوە.

گەشتیاران بە پەرۆشەوە مۆبایلەکانیان دەرهێناوە بۆ وێنەگرتنی ئەم میوانە چاوەڕوان نەکراوە، ئەمەش وای کردووە کارمەندان بە پەلە بکەونە خۆ بۆ پاراستنی سەلامەتی ئاژەڵەکە و ڕێگریکردن لە دروستبوونی پشێوی زیاتر.

بەرپرسانی فڕۆکەخانەکە دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ئەم ڕووداوە ڕایانگەیاندووە کە پۆسومەکە بە سەلامەتی گیراوەتەوە و گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی گونجاو لە دەرەوەی تێرمیناڵی فڕۆکەخانەکە.

ئەم دیمەنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە و بەکارهێنەران بە کۆمێنتی جیاواز باس لەوە دەکەن کە چۆن ئەم ئاژەڵە هەوڵی داوە خۆی وەک یەکێک لە بووکەڵەکان نیشان بدات، هەندێکیشیان بە گاڵتەوە دەڵێن کە "ئەو تەنها دەیەوێت بە فڕۆکە گەشت بکات".