دۆزینەوەی
پارچەیەکی بچووکی بەبەردبووی پێستی خشۆکێک پەردەی زانیاری لەسەر
رابردووی زیندەوەران هەڵدەداتەوە.
لە ماڵپەڕی
"TOI" بڵاوکراوەتەوە، دۆزینەوەی پارچەیەکی بچووکی
بەبەردبووی پێستی خشۆکێک لە ئەشکەوتێکی ویلایەتی ئۆکلاهۆما، کە تەمەنی بۆ ٢٨٩
ملیۆن ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، زانایانی شوێنەوارناسی و مێژووی ژیانی سەر زەوی
تووشی سەرسوڕمان کردووە.
ئەم پارچە
پێستە کە لە لایەن دوو کۆکەرەوەی بەبەردبووەوە لە ئەشکەوتەکانی "ڕیچاردز
سپور" دۆزراوەتەوە، بە کۆنترین جۆری پێستی خشۆک لە مێژوودا دادەنرێت و زۆر
کۆنترە لەو نموونانەی کە پێشتر زانایان دەستیان کەوتبوو.
ئیثان مونی،
سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە، ئەم دۆزینەوەیەی بە سەرسوڕهێنەر وەسف کردووە و ئاماژەی
بەوە داوە کە ئەم پێستە زۆر پێش سەردەمی دایناسۆرەکان بوونی هەبووە.
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەری دەخەن کە ئەم
پێستە سەر بە جۆرە خشۆکێکی سەرەتاییە بە ناوی (Captorhinus aguti) کە شێوەی پێستەکەی لە پولەکەی تیمساح دەچێت.
پارێزرانی ئەم پێستە بەم شێوەیە دەگمەنە،
دەرفەتێکی زێڕین دەداتە زانایان بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن بوونەوەرە کۆنەکان
توانیویانە خۆیان لەگەڵ ژیانی سەر وشکانی بگونجێنن پێش ئەوەی زەوی ببێتە مەیدانی
دایناسۆرەکان.
ئەو شوێنەی ئەم
بەبەردبووەی تێدا دۆزراوەتەوە، بەوە ناسراوە کە پاشماوەی ناوازەی تێدا
دەدۆزرێتەوە، بەڵام ئەم پارچە پێستە کە تەنها بە قەد نینۆکێکی مرۆڤ دەبێت،
گرنگییەکی مێژوویی تایبەتی هەیە.
ئەم دۆزینەوەیە نەک هەر لاپەڕەیەکی نوێ لە
مێژووی پەرەسەندنی خشۆکەکان هەڵدەداتەوە، بەڵکو وەک ئامرازێکی گرنگ دەبینرێت بۆ
ناسینی ئەو گۆڕانکارییە جەستەییانەی کە ڕێگەیان خۆش کرد بۆ پەیدابوونی خشۆکە
مۆدێرنەکانی ئەمڕۆ.