هەڕەمێکی هاوشێوەی هەڕەمەکانی میسڕ لەسەر مەریخ دۆزرایەوە

PM:12:44:18/03/2026

68 جار خوێندراوەتەوە

بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکی نوێی ئاژانسی ناسا کە تێیدا پێکهاتەیەکی سێ لایەنی هاوشێوەی هەرەم لەسەر ڕووی هەسارەی مەریخ دەردەکەوێت، جارێکی دیکە تیۆرییەکانی بوونی شارستانیەتێکی کۆنی لەو هەسارەیەدا زیندوو کردەوە.

بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "daily mailئەم پێکهاتە سەرنجڕاکێشە کە دەکەوێتە ناوچەی "کاندۆر چاسما" لە ناو جەرگەی گەورەترین دۆڵەکانی کۆمەڵەی خۆردایە، ئەمەش بووەتە جێی باسی توێژەران و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

ئەم دۆزینەوەیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠١دا لەلایەن توێژەر کیس لانی لە وێنەکانی کەشتییە ئاسمانییەکانی ناسا تێبینی کرا، بەڵام لەم دواییانەدا لەلایەن بەڵگەفیلمساز برایان دۆبسەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوکرایەوە.

دۆبس ئاماژە بەوە دەکات کە قەبارەی ئەم هەرەمە هاوشێوەی هەرەمە گەورەکانی میسرە و هەرچەندە ئەمە بە بەڵگەی یەکلاکەرەوە دانانرێت، بەڵام پرسیاری جدی دەربارەی ئەگەری نیشتەجێبوونی بوونەوەرە ژیرەکان لە ڕابردوودا دەوروژێنێت.

لە لایەکی ترەوە، توێژەر جۆرج هاوس لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕێکخراوی و ئەندازەیی ئەم پێکهاتەیە ئەوەندە وردە کە ئەگەری دەستکردبوونی زۆر زیاترە لەوەی تەنها بەرهەمی سروشت بێت.

ناوبراو دەڵێت مرۆڤ پێویست ناکات زەویناس بێت تا جیاوازی نێوان تاشەبەردێکی ئاسایی و پێکهاتەیەکی ئەندازەیی ڕێک بناسێتەوە، چونکە ئەم هەرەمە لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٠١ بۆ ٢٠١٦ لە چەندین وێنەی جیاوازدا و لە ژێر تیشکی جیاوازی خۆردا هەمان شێوەی سێ لایەنی خۆی پاراستووە.

بابەتەکە کاتێک ئاڵۆزتر بوو کە هەندێک لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا (CIA) کە مێژووەکەیان بۆ ساڵانی هەشتاکان دەگەڕێتەوە، ئاشکرا کران.

لەو بەڵگەنامانەدا کە بە ناوی "پڕۆژەی ستارگەیت" ناسراون، باس لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی دەروونی دەکرێت کە تێیدا کەسەکان لە ڕێگەی گەشتی خەیاڵییەوە باسیان لە بینینی هەرەمی گەورە و ڕێگاوبان و شارستانیەتێکی لەناوچوو لەسەر مەریخ کردووە.

جۆزێف مەکمۆنیگڵ، یەکێک لە ئەندامانی پێشووی ئەو پڕۆژەیە، باسی لەوە کردووە کە هەرەمی زۆر گەورەتریان لەسەر ئەو هەسارەیە بینیوە کە ژووری گەورەی تێدابووە.

سەرەڕای ئەم هەموو دەنگۆیانە، زانایانی ناسا هێشتا وریایی دەدەن و دەڵێن ناوچەی "ڤالیس مارینێریس" بەوە ناسراوە کە خاوەنی تاشەبەرد و لێژایی زۆر تیژە کە دەکرێت بە شێوەیەکی سروشتی شێوەی ئەندازەیی وەربگرن.

تا ئەو کاتەی مرۆڤ یان ڕۆبۆتەکان بە شێوەیەکی فیزیایی نەگەنە ئەو شوێنە و لێکۆڵینەوەی ڕاستەوخۆ نەکەن، نهێنی ئەم هەرەمە بە نادیاری دەمێنێتەوە و لە نێوان لێکدانەوەی زانستی و تیۆرییەکانی بوونەوەرە ئاسمانییەکاندا دەمێنێتەوە.