لای زۆرینەمان وا باوە کە بەکارهێنانی گوێزان وا
لە مووەکان دەکات زۆرتر بێت و ئەستوورتر بێت، بەڵام ئایا ئەمە لە ڕووی زانستییەوە
ڕاستە؟ یان تەنها خوویەکی باوە لەناوماندا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "healthline"، سەرەڕای ئەو باوەڕە باوەی کە لەناو خەڵکدا
هەیە، بەڵام بەکارهێنانی گوێزان بە هیچ شێوەیەک کاریگەری لەسەر ئەستووری، ڕەنگ،
یان خێرایی گەشەکردنەوەی مووەکان نییە.
ئەم بابەتە تەنها دەنگۆیەکە و
زاناکان هێشتا لە ساڵی ١٩٢٨دا بە بەڵگەی زانستی و تاقیکردنەوەی کلینیکی پووچەڵیان
کردووەتەوە، بەڵام دوای نزیکەی ١٠٠ ساڵ هێشتا ئەم ئەفسانەیە لە مێشکی زۆر کەسدا
ماوەتەوە.
هۆکاری ئەوەی کە وا دەردەکەوێت
مووەکە ئەستوورتر بێت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کاتێک بە گوێزان مووەکە لادەبەیت،
بەشە باریک و نەرمەکەی سەری مووەکە لادەچێت و تەنها بنکە ڕەق و ئەستوورەکەی
دەمێنێتەوە، کاتێکیش دەست دەکات بە گەشە، ئەو سەرە بڕاوە و ڕەقە دەبینرێت کە وەک
دەرزی وایە.
هەروەها، زۆرجار مووە نوێیەکە تۆختر
دەردەکەوێت چونکە هێشتا بەر تیشکی خۆر، سابوون، و ماددە کیمیاییەکان نەکەوتووە تا
ڕەنگەکەی کاڵ ببێتەوە.
پسپۆڕانی پێست ئاماژە بەوە دەکەن
ئەگەر بەدوای لابردنی موودا دەگەڕێیت بە شێوەیەکی درێژخایەن، واکس یان لەیزەر
بژاردەی باشتری پزیشکین، بەڵام گوێزان تەنها بڕینی مووەکەیە لەسەر ئاستی پێست و
هیچ پەیوەندییەکی بە ڕەگ و شێوازی گەشەی مووەکەوە نییە.
ئەوەی گرنگە لە کاتی بەکارهێنانی
گوێزاندا ڕەچاو بکرێت، بەکارهێنانی تەکنیکی دروستە بۆ ئەوەی پێستەکە تووشی
برینداری و هەوکردن نەبێت، نەک ترسان لە زۆربوونی مووەکە.