ڕێوییەک لە بەریتانیاوە ڕۆیشتووە بۆ ئەمریکا

PM:04:55:12/03/2026

12096 جار خوێندراوەتەوە

ڕێوییەکی سووری دەگمەن، کە وەک سەرنشینێکی نایاسایی خۆی لەناو کەشتییەکی بارهەڵگری ئۆتۆمبێلدا شاردبووەوە، توانی گەشتێکی دوورودرێژ ئەنجام بدات.

لە هەواڵێکی ماڵپەڕی "NBC"دا بڵاوکراوەتەوە، لە ڕووداوێکی سەیردا ڕێوییەکی سووری دەگمەن لە بەندەری ساوسامپتۆنی ئینگلتەراوە چووەتە ناو کەشتییەکەوە کە تایبەت بووە بە گواستنەوەی ئۆتۆمبێل و لەگەڵ کەشتییەکەدا گەشتی کردووە بەرەو شاری نیویۆرک.

ئەم ڕێوییە کێشی نزیکەی ٧ کیلۆگرامە، ماوەی دوو هەفتەی لەناو زەریای ئەتڵەسیدا بەسەر بردووە، دوای گەیشتنی کەشتییەکە بۆ بەندەری نیویۆرک و نیوجێرزی، ڕێوییەکە دۆزرایەوە و ڕادەستی باخچەی ئاژەڵانی "برۆنکس" کرا.

بەڕێوەبەری باخچەکەش، کیت لۆڤێت ڕایگەیاند کە ڕێوییەکە تەمەنی نزیکەی دوو ساڵە و دوای پشکنینە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە کە تەندروستییەکی باشی هەیە و لەگەڵ ژینگەکەی ئێستاشیدا ڕاهاتووە.

تا ئێستا ڕوون نییە کە چۆن ئەم ئاژەڵە توانیویەتی بە بێدەنگی بچێتە ناو کەشتییەکی پڕ لە ئۆتۆمبێل، بەڵام بەرپرسانی باخچەکە ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەم جۆرە ڕێوییە ناوی (Vulpes vulpes)ە و بە زیرەکی و توانای خۆگونجاندن ناسراوە.

بڕیارە دوای تەواوبوونی پشکنینە تەندروستییەکان، شوێنێکی هەمیشەیی و گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی ژیانی لێ بەسەر بەرێت.