پیاوێک بە تۆمەتی دزینی پەتاتە و پیاز ڕەنگە سزای تا ١٠ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا بسەپێنرێت

PM:02:51:12/03/2026

2148 جار خوێندراوەتەوە

لە هەواڵێکی سەیر و چاوەڕواننەکراودا پیاوێک پۆلیسی ئەمریکای تووشی سەرسوڕمان کرد دوای ئەوەی دەرکەوت بڕێکی زۆر پەتاتە و پیازی دزیوە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "USA Today" جەیسۆن کانالس، پیاوێکی تەمەن ٣٩ ساڵی دانیشتووی ویلایەتی فلۆریدایە، دەستگیر کرا و تۆمەتبار کرا بە دزینی پەتاتە و پیاز.

ئەوەی جێگەی باسە کە بڕی زیاتر لە ٦٠٠ هەزار دۆلار پەتاتە و پیازی لە کۆمپانیاکانی بەرهەمی کشتوکاڵی دزیوە، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی داواکاری گشتی ئەمریکا، ئەم پلانانە لە نێوان ئابی ٢٠٢٤ تا ئابی ٢٠٢٥ جێبەجێ کراون.

کانالس ناوی کۆمپانیاکانی بەکارهێناوە بۆ داواکردنی بڕێکی زۆر لە پەتاتە و پیاز، پاشان کاتێک بارەکان گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست، ئاراستەی بارەکەی گۆڕیوە بۆ شوێنێکی تر بێ ئەوەی پارەی کۆمپانیاکان بدات.

هەروەها، تۆمەتبارە بەوەی کە بەڵگەنامەی پارەدانی ساختە کردووە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان وا تێبگەن کە پارەکەی پێشوەختە داوە، بەم کارەشی زیانی دارایی گەورەی بە کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهێنان گەیاندووە.

جەیسۆن کانالس بە هەشت تۆمەتی گواستنەوەی کەلوپەلی دزراو لە نێوان ویلایەتەکاندا ڕووبەڕووی دادگا کراوەتەوە، ڕەنگە سزای تا ١٠ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا بسەپێنرێت.