باندێکی چەکدار بە جلی پۆلیسەوە ٩٠٠ هەزار یۆرۆ لە ژن و مێردێک دەدزن

PM:11:33:11/03/2026

52 جار خوێندراوەتەوە

لە نزیک پاریسی پایتەختی فەرەنسا، سێ چەکدار کە خۆیان وەک پۆلیس نیشانداوە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێک و بڕی ٩٠٠ هەزار یۆرۆیان لێ دزیون.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "lebanon24"، کاتێک ژنەکە دەرگای ماڵەکەی دەکاتەوە، وا دەزانێت هێزە ئەمنییەکانن، بەڵام دەستبەجێ سێ کەسی چەکدار بە چەقۆوە دەچنە ژوورەوە، چەکدارەکان هەڕەشەی کوشتن لە هاوسەرەکەی دەکەن و پیاوەکە ناچار دەکەن بڕی ٩٠٠ هەزار یۆرۆ لە دراوە دیجیتاڵییەکانی "بیتکۆین" بگوازێتەوە بۆ سەر هەژماری چەتەکان.

دواتر دزەکان ئەو ژن و مێردە بە کێبڵی کارەبایی دەبەستنەوە و لەسەر قەنەفەیەک جێیان هێشتوون و هەڵاتوون، هەرچەندە ژنەکە شانی بریندار بووە بەڵام توانیویەتی خۆی و هاوسەرەکەی ڕزگار بکات و داوای یارمەتی لە دراوسێکانی بکات.

ئەم هێرشە لە چوارچێوەی زنجیرە تاوانێکدایە کە بە "Wrench Attacks" ناسراوە، کە تێیدا دزەکان بە زەبری هێز و ئەشکەنجە خاوەن دراوە دیجیتاڵییەکان ناچار دەکەن پارەکانیان ڕادەست بکەن.

تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا ١٩ حاڵەتی لەو شێوەیە لە فەرەنسا تۆمارکراوە، کە ئەمەش بە بەرزترین ڕێژە لە جیهاندا دادەنرێت.

جێگەی باسە تا ئێستا پۆلیس هیچ کەسێکی دەستگیر نەکردووە و لێکۆڵینەوەکان لەلایەن تیمی دژە باندەکانەوە بەردەوامە.