زاناکانی ژاپۆن نهێنی بڕبڕەی پشتی پشیلەیان ئاشکرا کرد

PM:01:54:12/03/2026

80 جار خوێندراوەتەوە

بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەک، زانایان هەوڵیان داوە تێبگەن چۆن پشیلە لە کاتی کەوتنەخوارەوەدا بەو وردییە سەرسوڕهێنەرە لەسەر قاچەکانیان دەوەستنەوە. هەرچەندە یەکەم لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر ئەم بابەتە لە ساڵی ١٨٩٤دا بڵاوکرایەوە، بەڵام ئێستا لە ساڵی ٢٠٢٦دا، توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی یاماگوچی لە ژاپۆن دەری دەخات کە هێشتا لایەنی شاراوە لەم کارامەییەدا هەن. بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەکە، کەوتنی پشیلە یەکێک بووە لەو مەتەڵە گەورانەی کە مێشکی زاناکانی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، پرسیارە سەرەکییەکە ئەمە بوو کە چۆن پشیلە لە کاتی کەوتنەخوارەوەدا، بێ ئەوەی پاڵ بە هیچ شتێکەوە بنێت، لە هەوادا ئاڕاستەی جەستەی دەگۆڕێت و ڕێک لەسەر قاچەکانی دەوەستێتەوە؟. لە نوێترین توێژینەوەدا، تیمێکی زانستی لە زانکۆی یاماگوچی لە ژاپۆن بە سەرۆکایەتی یاسۆ هیگوراشی، پەردەیان لەسەر نهێنییەکی تری ئەم کارامەییە لادا، توێژینەوەکە دەری دەخات کە کلیلەکە تەنها لە مێشکدا نییە، بەڵکو لە بڕبڕەی پشتی پشیلەدایە. توێژەران بە وردی پێوانەی هێزی خولانەوە و گۆشەی سوڕانەوەی بەشەکانی بڕبڕەی پشتی پشیلەیان کردووە بۆیان دەرکەوتووە کە بەشی پێشەوەی سنگی مەودایەکی فراوانتری جوڵەی هەیە و زۆر بە ئاسانی دەسوڕێتەوە، لە کاتێکدا بەشی دواوە و کەمەری زۆر ڕەقترە. بەم شێوەیەش لەو کاتانەدا خولانەوەی جەستەی پشیلە بەدوای یەکدا ڕوودەدات سەرەتا بەشی پێشەوەی جەستە دەسوڕێت و دواتر بەشی دواوە بەدوایدا دێت. ئەم جوڵە خێرایە وەڵامی ئەو هاوکێشەیە دەداتەوە کە لە سەدەی نۆزدەیەمەوە زانایانی سەرقاڵ کردبوو، کاتێک وێنەگرتنی خێرا دەریخست پشیلە بێ ئەوەی هیچ پاڵنەرێکی هەبێت ئاڕاستەی خۆی دەگۆڕێت. تەنها لە ساڵی ١٩٦٩دا لە ڕێگەی بیرکارییەوە سەلمێنرا کە ئەمە دژی یاساکانی فیزیا نییە، بەڵام توێژینەوە نوێیەکەی ئێستا سەلماندی کە توێکاریی بڕبڕەی پشت کلیلی سەرەکییە بۆ جێبەجێکردنی ئەو هاوکێشە فیزیاییانە.