لە داهێنانێکی زانستیدا، ژاپۆن یەکەم مانگی
دەستکردی بچووکی دروستکراو لە دار بە ناوی "لیگنۆسات" ڕەوانەی بۆشایی
ئاسمان کرد.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی"IDR"،
ئەم پڕۆژەیە لەلایەن زانکۆی کیۆتۆ و ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ژاپۆن "JAXA" پەرەی پێدراوە، تەنها وەک کارێکی جیاواز نابینرێت، بەڵکو هەوڵێکی
جدییە بۆ کەمکردنەوەی ئەو پیسبوونە کانزاییەی کە مانگە دەستکردە کلاسیکییەکان لە
کاتی سووتانیان لە بەرگەهەوای زەویدا جێی دەهێڵن.
بە پێچەوانەی
مانگە دەستکردە ئەلەمنیۆمییەکان کە تەنۆلکەی زیانبەخش لە بەرگە هەوادا کۆدەکەنەوە،
دار لە کاتی گەڕانەوەی بۆ زەوی بە تەواوی دەسووتێت و تەنها هەڵمێکی بێزیان دروست
دەکات.
ئەم مانگە دەستکردە لە تەختەی داری
"هۆنۆکی ماگنۆلیا" دروستکراوە کە بەرگەی پلەی گەرمی و تیشکە بەهێزەکانی
بۆشایی ئاسمان دەگرێت بەبێ ئەوەی بپووسێت، چونکە لە بۆشاییدا نە ئۆکسجین و نە شێ
هەیە تا ببێتە هۆی ڕزین.
لیگنۆسات بۆ ماوەی شەش مانگ لە
خولگەی زەویدا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی زاناکان بزانن تا چەند ئەم ماددە سروشتییە
دەتوانێت پارێزگاری لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی ناوەوەی بکات.
ئەگەر ئەم تاقیکردنەوەیە سەرکەوتوو
بێت، ڕەنگە لە داهاتوودا بەشێکی زۆری مانگە دەستکردە بچووکەکان لە دار دروست
بکرێن، ئەمەش وەرچەرخانێکی مێژوویی دەبێت بۆ پاراستنی پاکیی بەرگەهەوای زەوی و
کەمکردنەوەی تێچووی پیشەسازی بۆشایی ئاسمان.