لە ڕووداوێکی
سەرنجڕاکێشدا لە گوندی فیرۆزپوری ویلایەتی ئوتار پرادێشی هیندستان، جووتیارێک بە
ناوی دارامبیر ڕێگەیەکی جیاوازی دۆزیوەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەیموونانەی
کە زیان بە کێڵگەکانی پەتاتە و شلیک دەگەیەنن
ڤیدیۆی ئەم جووتیارە کە جلوبەرگی
ورچێکی ڕەشی پۆشیوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە خێرایی بڵاوبووەتەوە و بە ملیۆنان
بینەری هەبووە، چونکە توانیویەتی بەم فێڵە مەیموونەکان بترسێنێت و لە کێڵگەکەی
دووریان بخاتەوە.
دارامبیر ئاماژەی بەوە کردووە کە
ڕۆژانە زیاتر لە ١٠٠ مەیموون هێرش دەکەنە سەر بەروبوومەکانیان، بەم هۆیەشەوە چەند
جووتیارێک بڕیاریان داوە جلوبەرگی ورچ لەبەر بکەن، بۆ ئەوەی مەیموونەکان وابزانن
ئاژەڵێکی دڕندە لە ناو کێڵگەکەیە.
هەرچەندە ئەم ڕێگەیە تا ئێستا
سەرکەوتوو بووە، بەڵام جووتیارانی ناوچەکە داوا لە دەسەڵاتداران دەکەن چارەسەرێکی
بنەڕەتی بۆ ئەم کێشەیە بدۆزنەوە، چونکە مەیموونەکان بوونەتە مەترسییەکی گەورە بۆ
سەر بژێوی ژیانیان.
مانۆج کومار، پارێزەری دارستانەکانی
ناوچەکە، پشتڕاستی کردەوە کە ئاگاداری ئەم هەوڵەی جووتیارانن و بەڵێنی دا کە
فەرمانگەی دارستانەکان کار بکات بۆ گرتن و گواستنەوەی مەیموونەکان بۆ ناوچە
دوورەدەستەکان.
ئەو جەختی کردەوە کە هەرچەندە
جلوبەرگی ورچ، مەیموونەکان دەترسێنێ بەڵام ئەمە چارەسەرێکی کاتییە و پێویستە
هەنگاوی جددیتر بنرێت بۆ ئەوەی مەیموونەکان لە کێڵگەیەکەوە نەچن بۆ کێڵگەیەکی دیکە
و زیان بە جووتیارانی تەنیشتیان نەگەیەنن.