توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن زانکۆی نیویۆرک
لە ئەبوزەبی ئەنجام دراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەنگە هەسارەی مەریخ بۆ ماوەیەکی
زۆر زیاتر لەوەی پێشتر دەخەمڵێنرا، توانای لەخۆگرتنی ژیانی هەبووبێت.
بەپێی هەواڵێکی
ماڵپەڕی" sciencedaily"، زاناکان لە ڕێگەی
لێکۆڵینەوە لە گردە لمە دێرینەکانی" Gale Crater"، بەڵگەی ئەوەیان
دۆزیوەتەوە کە ئاو لە قووڵایی مەریخدا ماوەتەوە، تەنانەت دوای ئەوەی ڕووبار و
دەریاچەکانی سەر ڕووی هەسارەکە وشک بوون. ئەم دۆزینەوەیە پشت بە زانیارییەکانی
کەشتیی ئاسمانی"Curiosity" بەستووە، توێژەران بە سەرۆکایەتی
دیمیترا ئاتری، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئاو لە کێوە نزیکەکانەوە دزەی
کردووەتە ناو لمەکان و بووەتە هۆی ڕەقبوونیان و گۆڕینیان بۆ بەرد.
لەم پرۆسەیەدا،
ماددەی کانزایی وەک "جیپسن" جێماوە، کە ئەم جۆرە کانزایانە لەسەر زەویش
بەوە ناسراون کە دەتوانن شوێنەواری مادە ئەندامییەکان و نیشانەکانی ژیان بۆ
ملیۆنان ساڵ بپارێزن.دیمیترا ئاتری ڕایگەیاندووە کە مەریخ بە
شێوەیەکی کتوپڕ لە تەڕییەوە نەگۆڕاوە بۆ وشکیی تەواو، بەڵکو ئاوی ژێر زەوی
ژینگەیەکی پارێزراوی بۆ وردە زیندەوەرەکان ڕەخساندووە تا بتوانن لەژێر خاکدا
بمێننەوە.
ئەم دۆزینەوەیە
ئاسۆیەکی نوێ بۆ گەشتە ئاسمانییەکانی داهاتوو دەکاتەوە کە زیاتر تیشک بخەنە سەر
ناخی مەریخ بۆ دۆزینەوەی بەڵگەی ژیان.ئەم توێژینەوەیە بە هاوکاری پەیمانگای
توێژینەوەی"NYUAD" و ناوەندی زانستە گەردوونییەکانی
ئیمارات ئەنجام دراوە، کە هەوڵێکە بۆ تێگەیشتنی قووڵتر لە گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵەی
خۆر و مێژووی هەسارەی مەریخ.