پیاوێک لەبری خۆڵەمێشی مردووەکانیان چیمەنتۆی ڕادەستی خێزانەکانیان کردووەتەوە

PM:05:52:17/03/2026

108 جار خوێندراوەتەوە

دادگایەکی ئەمریکا سزای ١٨ ساڵ زیندانیی بەسەر خاوەنی پێشووی بنکەیەکی پرسە سەپاند دوای ئەوەی تۆمەتبار کرا بە فێڵکردن لە سەدان خێزان، لە ڕێگەی پێدانی خۆڵەمێشی ساختە بەو خێزانانە لەبری پاشماوەی ڕاستەقینەی ئازیزانیان.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "ئەسۆوشیەتد پرێس"، کاری هاڵفۆردی تەمەن ٤٨ ساڵ بە تۆمەتی فێڵکردن سزا درا، دوای ئەوەی بڕی ١٣٠ هەزار دۆلاری لە تێچووی پرسەکان بردووە و لە بەرامبەردا کووپەی پڕ لە تێکەڵەی چیمەنتۆی بە خێزانەکان داوە لەبری خۆڵەمێشی سووتانی تەرمەکان.

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە هاڵفۆرد لەگەڵ هاوسەری پێشووی بە ناوی جۆن هاڵفۆرد بەشداریی لەم پلانەدا کردووە؛ هەردووکیان تۆمەتبار کران بە چەواشەکردنی خێزانەکان و یاریکردن بە چارەنووسی تەرمی مردووەکان.

داواکاری گشتی ئەمریکا لە ناوچەی کۆلۆرادۆ ڕایگەیاند کە ئەم دۆسیەیە "بێباکییەکی بێوێنە بەرامبەر بە بەها مرۆییەکان نیشان دەدات و هیوای خواست ئەم سزایە کەمێک دڵنەوایی بۆ قوربانییەکان بگەڕێنێتەوە."

تۆمەتبارەکە تەنها فێڵی لە خێزانەکان نەکردووە، بەڵکو دانی بەوەشدا ناوە کە بڕی ٩٠٠ هەزار دۆلاری لە بەرنامەکانی پاڵپشتی کۆمپانیاکان لە کاتی پەتای کۆرۆنادا بە نایاسایی وەرگرتووە.

لێکۆڵینەوەکان دەڵێن ئەو پارەیە بۆ کار بەکارنەهێنراوە، بەڵکو بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلی گرانبەها، وەبەرهێنان لە دراوە دیجیتاڵییەکان و کڕینی کەلوپەلی براندە جیهانییەکان خەرج کراوە.

وەک ئەوەی لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا ئاماژەی پێکراوە ئەم دوو هاوسەرە بێڕێزییان بەرامبەر بە لانی کەم ١٩٠ مردوو کردووە، بەجۆرێک کە زۆرێکیان بەجێهێڵدراون تا گەنیون، لەبری ئەوەی بسووتێنرێن یان بنێژرێن.

هەروەها تۆمەتبارەکان هەستاون بە ساختەکردنی بڕوانامەی مردن و تۆمارکردنی زانیاری چەواشەکارانە لە تۆمارە فەرمییەکانی ویلایەتی کۆلۆرادۆ، بەوەی گوایە ڕێوڕەسمی ناشتن یان سووتاندنیان ئەنجام داوە، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا هیچ کام لەمانە نەکراون.

جگە لە سزای زیندانیکردن، دادگا بڕیاری دا هاڵفۆرد بڕی ١.٠٧ ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بداتەوە، پێشتریش هاوسەری پێشووی بە ٢٠ ساڵ زیندانی و هەمان بڕی قەرەبوو سزادرا بوو.

جێگەی باسە پێشتریش دەسەڵاتداران لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئەم دوو هاوسەرەیان دەستگیر کرد، دوای ئەوەی نزیکەی ٢٠٠ تەرمی گەنیویان لەناو دامەزراوەی "گەڕانەوە بۆ سروشت" دۆزییەوە کە خۆیان بەڕێوەیان دەبرد، ئەمەش دوای ئەوەی دانیشتووانی ناوچەکە سکاڵایان لە بڵاوبوونەوەی بۆنێکی ناخۆش و پیس لەو شوێنەدا کردبوو.