وێنەی بەچکە شێرێک جیهان سەرسام دەکات

PM:06:40:16/03/2026

7436 جار خوێندراوەتەوە

لە کاتێکدا زۆربەی خەڵک پێیان وایە جیهانی ئاژەڵان تەنها ڕاوکردن و دڕندەییە، بەڵام وێنەیەکی نوێی بەچکە شێرێک، لایەنێکی جیاواز و هێمنی ئەم جیهانە کێوییە نیشان دەدات.

فۆتۆگرافەر یۆهان جەی بۆتا، توانیویەتی ساتێکی دەگمەن لەناو پارکی نەتەوەیی کگالاگادی کە دەکەوێتە سنووری نێوان بۆتسوانا و باشووری ئەفریقا تۆمار بکات.

وێنەکە بەچکە شێرێک نیشان دەدات کە دوای خواردنی ژەمێکی قورس، لەوپەڕی تێربوون و بێهێزیدا کەوتووە و چاوەکانی نوقمی خەو بوون. ئەم دیمەنەش زۆر لە هاوشێوەی مرۆڤ دەچوو دوای خواردنی ژەمێکی دڵخواز و قورس.

بۆتا دەڵێت: "نۆ شێر خەریکی ڕاوکردن بوون، دوای تەواوبوونی ڕاوەکە هەموویان بە باشی تێر بوون، یەکێک لە بەچکە شێرەکان کە بڕێکی زۆر گۆشتی خواردبوو، نەیدەتوانی خۆی ڕابگرێت و لەسەر پشت کەوتبوو، لەو ساتەدا، کاتێک چاوەکانی بە زەحمەت کرابوونەوە، سەیری کامێراکەمی دەکرد و منیش راستەوخۆ وێنەیەکم گرت"

ئەم وێنەش بە شێوەیەکی بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە، بە خێرایی سەرنجی هەزاران کەسی ڕاکێشا، زۆرێک لە کۆمێنتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم وێنەیە هێمنییەکی دەگمەن و جوانی تێدایە، کە زۆرجار لە جیهانی ئاژەڵە دڕندەکاندا نابینرێت.