زاناکان ئەو نهێنییە دەدۆزنەوە
کە بۆچی ژنان زیاتر تووشی خەمۆکی دەبن وەک لە پیاوان.
لە ماڵپەڕی " Live Science" بڵاوکراوەتەوە، توێژەرانی ئوسترالیا بۆیان
دەرکەوتووە کە ژنان لە ڕووی بۆماوەییەوە مەترسی تووشبوونیان بە خەمۆکی زیاترە وەک
لە پیاوان، زانایان پشکنینی دی ئێن ئەی نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەسیان کرد کە تووشی خەمۆکی
بوون بۆ دەستنیشانکردنی نیشانە بۆماوەییە باوەکان، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە
خانمان نزیکەی دوو ئەوەندەی پیاوان هەڵگری ئەو نیشانە بۆماوەییانەی پەیوەندییان بە
خەمۆکییەوە هەیە.
توێژەر جودی تۆماس دەڵێت
"پێکهاتەی بۆماوەیی خەمۆکی لە خانماندا زیاترە وەک لە پیاوان، شیکردنەوەی کۆدە
بۆماوەییە هاوبەش و ناوازەکانی نێوان نێر و مێ وێنەیەکی ڕوونترمان پێدەبەخشێت لەسەر
هۆکارەکانی خەمۆکی و دەرگا بۆ چارەسەرکردنی دەکاتەوە".
لە مێژە زانراوە کە خەمۆکی
زیاتر لە ئافرەتاندا هەیە، بەڵام هۆکارە بایۆلۆژییەکان تا ڕادەیەک بە نهێنی ماونەتەوە،
توێژەران نزیکەی ١٣ هەزار نیشاندەری بۆماوەیییان دۆزیوەتەوە کە پەیوەندییان بە خەمۆکییەوە
هەیە لە ژناندا، لەکاتێکدا لە پیاوان ٧ هەزار نیشاندەری بۆماوەیی پەیوەندییان بە خەمۆکییەوە
هەیە.
هەندێک لەم گۆڕانکارییە
بۆماوەیییانە دەتوانن ڕێڕەوی بایۆلۆژی بگۆڕن کە پەیوەندییان بە میتابۆلیزم یان بەرهەمهێنانی
هۆرمۆنەوە هەیە، تۆماس ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەندێک جیاوازی بۆماوەییمان دۆزیەوە
کە ڕەنگە یارمەتیدەربێت بۆ ئەوەی بۆچی ئەو ژنانەی خەمۆکییان هەیە زیاتر نیشانەکانی
گۆڕانکاری خۆراکیان هەیە، وەک گۆڕانی کێش یان گۆڕانی ئاستی وزە"، ئەم دۆزینەوانەش
دەتوانن ببنە هۆی گۆڕانکاری لە شێوازی چارەسەرکردنی خەمۆکی لە ژناندا.
خەمۆکی یەکێکە لە
باوترین نەخۆشییە دەروونییەکان لە جیهاندا، بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی
جیهانی، زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا بەدەست خەمۆکییەوە دەناڵێنن.