ئەم پیاوە درێژترین ناوی هەیە لە جیهاندا

PM:01:38:11/10/2025

15988 جار خوێندراوەتەوە

پیاوێکی نیوزلەندی بەهۆی درێژی ناوەکەیەوە، ناوی دەچێتە کتێبی گینسەوە و گۆڕانکاری لە یاسای وڵاتەکەیدا دەکات.

ڕۆژنامەی "La Opinión"ی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، لۆڕێنس واتکینز پیاوێکی خەڵکی نیوزلەندییە و ئێستا لە ئوسترالیا نیشتەجێیە، لەلایەن کتێبی گینسەوە بە درێژترین ناوی جیهان ناسێنراوە، ناوەکەی لە دوو هەزار و ٣١٠ وشە پێکهاتووە، دواتر بەهۆی یاساکانی ڕیکۆردی جیهانی گینسەوە گۆڕدرا بۆ ٢ هەزار و ٢٥٣ وشە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، چیرۆکی واتکینز لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٩٠ دەستیپێکردووە کاتێک کتێبی گینس بۆ ڕیکۆردەکانی خوێندووەتەوە و بڕیاریداوە کە بچێتە ناو ئەم جیهانە سەیرە پڕ لە دەستکەوتەوە، بیری لەوە کردووەتەوە کە درێژترین ناوی جیهان ئەو تەحەدایە کە دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت، بۆیە دەستی کرد بە جێبەجێکردنی بیرۆکەکەی.

واتکینز لەو کاتەدا لە کتێبخانەیەکدا کاری کردووە و بیرۆکەی ناوەکەی لە کتێبەکانی دەوروبەری و لە پێشنیارەکانی هاوکارەکانی وەرگرتووە، یەکێک لە دیارترین شتە سەیرەکانی ناوەکە "AZ2000"ە، کە هێمایەک بۆ بەکارهێنانی ناوەکان کە لە Aتا Zدەست پێدەکات و دەگاتە 2000.

واتکینز لە ئەنجامی ئەم ناوەوە ڕووبەڕووی کێشەی گەورە بووەتەوە لە ژیانی رۆژانەیدا، زۆربەی بەڵگەنامە فەرمییەکان نەیانتوانی ناوی تەواوی لەخۆ بگرن، ئەمەش بارودۆخی ئیداری سەیر و سەمەرەی لێکەوتەوە بەڵام ئەو پێداگری دەکات کە ئامانجەکەی ناوبانگ نەبووە تەنیا ویستویەتی سنووری داهێنانی مرۆڤ بکۆڵێتەوە.

بۆ ئەوەی بە فەرمی ناوی خۆی تۆمار بکات، واتکینز ناچار بوو هەزاران ناوی لەسەر کاغەز چاپ بکات کە لەو کاتەدا سەدان دۆلاری تێچووە، هەرچەندە دادگای ناوچەکەیان داواکارییەکەی پەسەند کردووە بەڵام تۆمارکەری گشتی ڕەتیکردووەتەوە ناوەکە بناسێنێت و رایگەیاند کە سیستەمی کارگێڕی ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ ناوێکی لەو شێوەیەدا بکات.

بەڵام بێهیوا نەبوو، دۆسیەکەی بردە دادگای باڵا ئەوانیش بڕیاریان لە بەرژەوەندی ئەودا و توانی ناوی خۆی بە فەرمی تۆمار بکات، لە ئەنجامدا دەسەڵاتدارانی نیوزلەندا ناچاربوون دوو یاسا هەموار بکەنەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دیاردەیەکی هاوشێوە ڕوونەدات، چونکە ڕەنگە کەسێکی دیکە هەوڵی شکاندنی ئەم ژمارە پێوانەییە بدات، بەڵام لۆڕێنس واتکینز وەک تاکە کەس دەمێنێتەوە کە درێژترین ناوی هەبێت.