دۆزینەوەی شوێنەوارێکی نوێ لە میسڕ جیهان سەرسام دەکات

AM:10:43:19/09/2025

30712 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەوارەکانی میسر دۆزینەوەی شوێنەوارێکی سەرسوڕهێنەریان لە ژێر ئاودا ڕاگەیاند.

وەزارەتەکە رایگەیاند ئەم دۆزینەوەیە ئاماژەیە بۆ بوونی بەندەرێکی کۆن کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەتلیمۆس ئەم دۆزینەوە بەشێکە لە لێکۆڵینەوەیەکی شوێنەواریی کە لە کەناراوەکانی ئەسکەندەریە ئەنجامدراوە.

ڕوونیشیکردەوە بەندەرەکە پەیوەست بووە بە پەرستگای تاپۆسیریس ماگنا و دەریای ناوەڕاستەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پێشکەوتنێکی بەرچاوە لە پلاندانانی تەلارسازی و کەشتیوانی لەو سەردەمەدا.

ئەم دۆزینەوە بە هاوکاری لەگەڵ نوێنەرایەتی شوێنەواری دۆمینیکان و بەشی ڕووپێوی دەریایی هێزی دەریایی میسر و بەشی گشتی دێرینەکانی ژێر ئاوی ئەنجومەنی باڵای شوێنەوارەکان ئەنجامدراوە.

لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە دەرکەوتووە کە کەنار دەریا کۆنەکان نزیکەی چوار کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئێستاوە دوورە، هەروەها شوێنەکە بەندەرێکی ناوخۆیی لەخۆگرتووە کە بە بەردی مەرجانی دەورە دراوە، لەگەڵ لەنگەری بەرد و کانزا بە قەبارەی جیاواز هەروەها لە نوقمبوونەکەدا درێژکراوەی تونێلێکی شوێنەواریی دەرکەوت کە پەرستگای تاپۆسیریس ماگنا بە دەریای ناوەڕاستەوە دەبەستێتەوە.

شەریف فەتحی وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەوارەکان لە لێدوانێکدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دۆزینەوە قووڵایی مێژوویی میسری کۆن ڕەنگدەداتەوە و ئەوە نیشان دەدات کە کەناراوەکانی بۆ هەزاران ساڵ ناوەندی ستراتیژی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی کولتووری بوون، جەختیشی لە پاڵپشتی بەردەوامی وەزارەتەکەی کردەوە بۆ پڕۆژەکانی توێژینەوە بۆ ئاشکراکردنی گەنجینەی نوقمبووی میسر.

لای خۆیەوە دکتۆر محەمەد ئیسماعیل ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای دێرینەکان ڕوونیکردەوە کە ئەم دۆزینەوە نوێنەرایەتی زیادکردنێکی چۆنایەتی دەکات بۆ شوێنەوارناسی دەریایی میسر، بەشدارە لە فراوانکردنی تێگەیشتنمان لە پێکهاتەی ئابووری و ئایینی سەردەمی بەتلیمۆس و تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی پێشەنگانەی میسر لە چالاکییە دەریاییەکان لە سەردەمی کۆنەوە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی گەشتیاری و دێرینەکان میسر شاهیدی بووژانەوەیەکی بێ وێنەیە لە دۆزینەوە شوێنەوارییەکان لە ساڵی ٢٠٢٥، کۆی ژمارەی دۆزینەوەکان لە نیوەی یەکەمی ساڵدا گەیشتە ١٦، کە سەردەمە جیاوازەکانی گرتووەتەوە لە ٩ پارێزگادا.