زانایان پێشبینی کۆتایی هاتنی گەردوون دەکەن

AM:11:31:09/10/2025

10732 جار خوێندراوەتەوە

تیمێکی فیزیازان لە ئەمریکا و ئیسپانیا و چین مۆدێلێکی نوێیان ئاشکرا کردووە کە پێشبینی دەکەن کەمتر لە ٢٠ ملیار ساڵ دیکە گەردوون لە تەقینەوەیەکی پێچەوانەدا بەسەر خۆیدا داڕمێت، دوای ئەوەی فراوانبوونی وردە وردە دەوەستێت و لەژێر کاریگەری هێزی کێشکردندا دەست دەکات بە بچووکبوونەوە.

بەپێی توێژینەوەکە کە لە ماڵپەڕی زانستی "ScienceAlert" بڵاوکراوەتەوە، گەردوون لە ئێستادا تەمەنی ١٣.٨ ملیار ساڵە، بۆ ماوەی نزیکەی ١١ ملیار ساڵی دیکە بەردەوام دەبێت لە فراوانبوون پێش ئەوەی بگاتە زۆرترین قەبارەی خۆی، کە نزیکەی ١.٧ هێندەی قەبارەی ئێستای، پاشان خاو دەبێتەوە و دەوەستێت، دوای ئەوە دەچێتە قۆناغێکی داڕمانەوە بۆ یەک خاڵێکی زۆر چڕ.

زانای فیزیا هێنری تای نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە، ڕوونیکردەوە کە ئەم سیناریۆیە لەسەر بنەمای دۆزینەوە نوێیەکانە کە ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە وزەی تاریک لە دابەزین بێت، نەک بەردەوام وەک ئەوەی پێشتر بیری لێدەکرایەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ زانایان وایان زانیوە کە نەگۆڕی گەردوونی ئەرێنی بێت، واتە گەردوون بۆ هەمیشە بەردەوام دەبێت لە فراوانبوون بەڵام داتاکانی ئەم دواییە ئەوە پیشان دەدەن کە نەرێنییە و کۆتاییەکەی دەبێتە گرژبوونێکی گەردوونی جیهانی".

تای ئەوەشی راگەیاند "لە ساڵانی شەستەکاندا بۆمان دەرکەوت کە گەردوون سەرەتای هەیە، ئێستا دەپرسین، ئایا کۆتایی دەبێت؟ بۆ چەندین ساڵ پێمان وابوو بۆ هەمیشە فراوان دەبێت بەڵام ئەگەر ئەم دۆزینەوانە بەردەوام بن، ئەوا گەردوون کۆتایییەکی دیاریکراوی دەبێت، هەروەک چۆن سەرەتای هەبووە".

ئەم گریمانەیە لەسەر بنەمای چەمکی نەگۆڕی گەردوونی دامەزراوە، کە ئەلبێرت ئەنیشتاین لە تیۆری ڕێژەیی گشتیدا بۆ ڕوونکردنەوەی فراوانبوونی گەردوون ناساندووێتی، کاتێک ئەم نەگۆڕە ئەرێنی بێت دەبێتە هۆی ئەوەی گەردوون بەردەوام بێت لە فراوانبوون، کاتێکیش نەرێنی بێت وەک هێزێکی کێشکردنی نەبینراو کاردەکات و فراوانبوونی خاو دەکاتەوە و گەردوون دەگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی دەستپێکی خۆی.

هەروەها تێبینییە فەلەکناسیەکانی ئەم دواییە ئاماژەیان بەوە کردووە کە وزەی تاریک زیاتر لە ٧٠%ی گەردوون پێکدەهێنێت، ئەمەش ڕەنگە بەردەوام نەبێت بەڵکو بە تێپەڕبوونی کات بگۆڕێت، تیمەکە گریمانەیان کردووە کە ئەم وزەیە لەلایەن تەنۆلکە گریمانەییە زۆر سووکەکانەوە بەرهەمدەهێنرێت کە بە ئەکسیۆن ناسراون، کە سەرەتا وەک هێزێکی بزوێنەر کاردەکەن بەڵام وردە وردە کاریگەرییەکانیان لەدەست دەدەن تاوەکو هێزی کێشکردن دەست بەسەردا دەگرێت.

لەم مۆدێلەدا ئەکسیۆنەکان بەردەوامن لە پاڵنانی گەردوون بۆ فراوانبوون بۆ ملیارەها ساڵی داهاتوو، بەڵام دوای نزیکەی ١١ ملیار ساڵ هێزیان ئەوەندە لاواز دەبێت کە کاریگەری کێشکردنی نەرێنی نەگۆڕە گەردوونییەکان بتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت، فراوانبوونەکە دەوستێت و گەردوون دەست دەکات بە بچووکبوونەوە.

توێژەران ئەم پرۆسەیەیان بە پاسکیلسواری بەسەر گردێکدا چواندووە کە بایەکی دواوەی هەیە کە وردە وردە کەم دەبێتەوە سەرکەوتنەکە خاو دەبێتەوە بۆ وەستان لە لوتکەدا، پاشان دابەزینەکە بە خێرایی زیاتر دەست پێدەکات، بەپێی پێشبینییەکان قۆناغی داڕمان خێراتر دەبێت لە قۆناغی فراوانبوون.

ئەگەر ئەم مۆدێلە ڕاست بێت، ئەوا ئێمە لە ئێستادا بە نزیکەیی لە نیوەی تەمەنی گەردووندا دەژین، کە ١٣.٨ ملیار ساڵ دوای تەقینەوە گەورەکەوەیە.