ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکان
ئاماژە بەوە دەکەن کە شیلا ئیبانا دایکی لامین یامال ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە
ناوبانگی کوڕەکەی لە جیهانی تۆپی پێدا کردووە بە پڕۆژەیەکی بازرگانی.
ماڵپەڕی " elconfidencial"ی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، دایکی یامال
کە لە باوکی جیابووەتەوە، هەنگاوێکی سەرسوڕهێنەری ناوە و رایگەیاندووە کە ئاهەنگێکی
تایبەت لە ٧ی تشرینی دووەم لە لەندەن سازدەکات، ئەوانەی ئارەزووی ئامادەبوونیان هەیە
دەبێت لە نێوان ١٥٠ بۆ ٨٠٠ یۆرۆ بدەن بۆ ئەوەی لەگەڵیدا ژەمێک نان بخۆن و وێنەیەکی
لەگەڵدا بگرن.
لە بانگهێشتنامەکەدا
هاتووە "دەرفەتی ناسینی دایکی باشترین یاریزانی تۆپی پێی جیهان لەدەست مەدە".
ڕێکخەری چالاکییەکە،
جێن سی ئیڤێنتز، رایگەیاند "بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین کە ئێستا بلیت بەردەستە
و بە خێرایی دەفرۆشرێت، ئەمڕۆ بلیتی خۆت بەدەستبهێنە و بەشێک بە لە چالاکییەکە".
چالاکییەکە نزیکەی
٤٠٠ کەس لەخۆدەگرێت کە تەمەنیان لە سەرووی ١٨ ساڵەوەیە، بە خواردنەوەیەکی بەخێرهاتن
دەستپێدەکات، نیو کاتژمێر دواتر نانخواردنی ئێوارە دەستپێدەکات، دواتر ئاهەنگێک
ئەنجام دەدرێت کە تا کاتژمێر ١١:٠٠ی شەو بەردەوام دەبێت.
جێگەی باسە یامال
خۆی بەشداری ئەو چالاکییە ناکات، چونکە پابەندە بە یارییەکەی بەرامبەر سێلتاڤیگۆ لە
لالیگا کە ڕۆژی دواتر ئەنجام دەدرێت.