بۆچی ژنان لە پیاوان زیاتر دەژین؟

AM:10:54:04/10/2025

1504 جار خوێندراوەتەوە

لە ساڵانی ١٧٤٠ەوە زانراوە کە ژنان لە پیاوان زیاتر دەژین، ئەمەش دیاردەیەکە کە لە سەرانسەری جیهاندا لە وڵاتە جیاوازەکان و قۆناغە مێژووییەکاندا بەدی دەکرێت.

لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە لە گۆڤاری "Science Advances" بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات کە هۆکاری سەرەکی لە جیناتدایە، بە تایبەتی لە شتێکدا کە بە "تیۆری سێکسی ناهاوشێوە" ناسراوە.

پیاوان بە "ناهاوشێوە" دادەنرێت، چونکە یەک کرۆمۆسۆمی X و یەک کرۆمۆسۆمی Yیان هەیە، بە پێچەوانەی ژنانەوە کە دوو کرۆمۆسۆمی X یان هەیە.

ئەمەش وا دەکات نێرەکان زیاتر ئامادەبن بۆ گۆڕانکارییە بۆماوەییە زیانبەخشەکان چونکە کرۆمۆسۆمی Xپاشەکەوتیان نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی هەر کەموکوڕییەک.

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە هەبوونی دوو کۆپی لە هەمان جین پارێزگاری لێدەکات، لەکاتێکدا کرۆمۆسۆمیY زنجیرەی دووبارەبوونەوەیDNAی تێدایە کە دەتوانێت زیانبەخش بێت.

تیمێکی نێودەوڵەتی لە توێژەران بە سەرۆکایەتی زانایانی پەیمانگای ماکس پلانک، داتای ٥٢٨ جۆری شیردەر و ٦٨٤جۆری باڵندەیان لە باخچەی ئاژەڵان لە سەرانسەری جیهان شیکردووەتەوە، بۆیان دەرکەوتووە لە ٧٢%ی جۆرەکانی شیردەردا، مێینەکان زیاتر لە نێرەکان دەژین.

جێگای سەرنجە، مێینەکان تەنانەت لە ژینگەکانی باخچەی ئاژەڵاندا تەمەنیان درێژتر بووە، کە مەترسییەکانی وەک نێچیر و نەخۆشی کەمتر بڵاوبوونەتەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەم جیاوازییانە بەهۆی هۆکارە بایۆلۆژییەکانە نەک ژینگەیی.

توێژینەوەکە بەو ئەنجامە گەیشت کە تەنها هۆکارە ژینگەییەکان نین بەڵکو هۆکارە بۆماوەییەکان و پەرەسەندنەکان بزوێنەری سەرەکی جیاوازی تەمەنی نێوان ڕەگەزەکانن، بەڵام توێژەران دان بەوەدا دەنێن کە ڕەنگە هۆکارە کۆمەڵایەتی و ڕەفتارییەکانیش ڕۆڵیان هەبێت و شایەنی لێکۆڵینەوەی زیاتر بن.