تیمەکانی بەرگری شارستانی چین ژنێکی تەمەن ٤٨
ساڵیان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی چین ڕزگار کرد، دوای ئەوەی ٥٤ کاتژمێر لەناو بیرێکی جێهێڵراودا
گیریخواردبوو.
بەپێی ڕۆژنامەی "SCMP"،
ئەو ژنە کە ناوی تشينە، لە کاتی
پیاسەکردندا لە دارستانێک لە شاری گویژۆ لە ویلایەتی فوجیان کەوتووەتە ناو بیرەکەوە.
کاتێک تشين نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە، ئەندامانی خێزانەکەی
دەستیان بە گەڕان کردووە و ڕۆژی دواتر ڕاپۆرتیان داوە کە بێسەروشوێن بووە، دوای هەوڵە
سەرکەوتوو نەبووەکان، کوڕەکەی پەیوەندی بە سەنتەری ڕزگارکردنی "Jinjiang Ruitong Blue Sky"
کردووە، تیمێکی ١٠ فریاگوزارییان نارد بۆ گەڕان بە دوایدا کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان
لەگەڵدا بووە.
تیمەکە لە دەوروبەری کاتژمێر ١:٤٥ی پاشنیوەڕۆ
گوێیان لە هاوارێکی بێهێز بووە، پاشان بیرەکەیان دۆزیەوە کە بە گژوگیای زۆر
دەورەدرابوو.
تشين ئاماژەی بەوەکرد کە لە مردن ڕزگاری بووە،
چونکە مەلەکردنی زانیوە و توانیویەتی بە بەردێکەوە خۆی بگرێت بەم شێوەیەش زیاتر لە
دوو ڕۆژ لەم دۆخەدا ماوەوتەوە.
باسی لەوەش کرد "بیرەکە بە تەواوی تاریک
بووە، پڕ بووە لە مێشوولە، هەروەها هەندێک ماری ئاویشی لێبووە چەند جارێک پێوەی دام بەڵام ژەهراوی نەبوون".
ڕاستەوخۆ دوای ڕزگارکردنی، تشين گواسترایەوە بۆ
نەخۆشخانەی شاری جینجیانگ و دواتر بۆ نەخۆشخانەی گویژۆ، لەوێ دەستنیشانکرا کە دوو
بڕبڕەی پشتی شکاوە و سییەکانی بەشێکی زیانیان پێگەیشتووە و برینێکی سەختی دەستەکانیشی
هەیە.
لە ئێستادا باری تەندروستی جێگیرە و پزیشکەکان
پێشبینی دەکەن دوای چەند ڕۆژێک چاودێریکردنی بە تەواوی چاکببێتەوە.
چیرۆکی تشين بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سۆشیال میدیای
چینیدا بڵاوکراوەتەوە و زۆرێک سەرسامی خۆیان بۆ ئیرادەی ئەو ژنە دەربڕیوە.