لە کۆلۆمبیا ٢٥
کرێکار لە قووڵی٨٠ مەتر لە ژێر
زەویدا گیریان خواردووە و چاوەڕێی ڕزگارکردنن.
ڕووداوێکی ترسناک
لە کۆڵۆمبیا روویداوە، بەشێک لە کانێکی زێڕی مۆڵەتپێدراو کە بە "لا ڕێلیسیا"
ناسراوە لە ناوچەی سێگۆڤیا لە بەشی باکووری ڕۆژئاوای ئەنتیۆکیا ڕووخا، بەهۆی ڕووداوەکەوە
لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەوە ٢٥ کرێکار بە قووڵی ٨٠ مەتر لە ژێر زەویدا گیریان
خواردووە.
خزمەتگوزاری ئەمبولانسی
کۆڵۆمبیا ڕایگەیاند کە هەموو کرێکارەکان لە ژیاندان و تەندروستییان باشە، ئەوەشیان
پشتڕاست کردەوە کە هەوڵەکانی ڕزگارکردن بەردەوامە، لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن یەکەی
ئەمنی کانەکەدا بڵاوکراوەتەوە، کە لەلایەن کۆمپانیای ئاریس مایننگی کەنەدییەوە بەڕێوەدەبرێت،
ڕوونیکردووەتەوە کە پێشتر پەیوەندی لەگەڵ کرێکارەکاندا کراوە، هەروەها خۆراک و ئاویان
پێگەیشتووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا
ئاماژە بەوەشکراوە، سیستەمی هەواگۆڕکێ هێشتا بە شێوەیەکی ئاسایی کاردەکات، هەروەها
ڕاوێژکاری پزیشکی لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پێشکەش بە کرێکارەکان دەکرێت، ئەمەش یارمەتیدەر
بووە بۆ پاراستنی تەندروستییان.
ڕزگارکەران سەرکەوتوو
بوون لە لابردنی نزیکەی نیوەی ئەو داروپەردووانەی کە دەرگای کانەکەیان گرتبوو، دەزگای
نیشتمانیی کانزاکان پێشبینی دەکات لە ماوەی کەمدا کرێکارەکان ئازاد بکرێن ئەگەر هەوڵەکان
بە هەمان خێرایی بەردەوام بن.
ئەم ڕووداوە مەترسییەکانی
کارکردن لە بواری کانگادا لە کۆڵۆمبیا هێنایە پێشەوە، سەرەڕای ئەوەی کە کانەکە مۆڵەتی
پێدراوە و لەلایەن کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتییەوە سەرپەرشتی دەکرێت هەروەها تیشکی
خستە سەر کاریگەری پلانە فریاگوزاریەکان، چونکە پاراستنی هەواگۆڕکێ و گەیاندنی خۆراک
زوو دەتوانێت ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی دڵتەزێنی هاوشێوە.