ژنێکی ئەمریکی بە یارمەتی ChatGPT تیروپشکێکی بردەوە

PM:06:44:22/09/2025

1668 جار خوێندراوەتەوە

لە ڕووداوێکی سەرنجڕاکێشدا لە ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریکادا ژنێک بە یارمەتی ChatGPT تیروپشکێکی بردەوە.

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" کاری ئێدواردز، دانیشتووی شاری میدلۆتیان، دوای بەکارهێنانیChatGPT بۆ هەڵبژاردنی ژمارەی بلیتەکانی بووە بە براوەی تیروپشکەکە، ئەو ژمارانەی کە ChatGPTی پێشنیاری کردووە، لەگەڵ چوار ژمارەی یەکەمدا گونجاوە و بەم شێوەیەش خەڵاتێکی ١٥٠ هەزار دۆلاری وەرگرتووە.

ئێدواردز لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، بە شێوەیەکی ئاسایی داوای لە چات جی پی تی کردووە کە ژمارەکانی پێبدات بۆ ئەوەی یاری بکات پاشان دوو رۆژ دوای ئەوە ئاگادارکراوەتەوە کە براوە بووە، بە وتەی خۆی سەرەتا پێی وابوو کە فێڵە تا ئەو کاتەی ڕەوایەتی بردنەوەکەی پشتڕاستکردووەتەوە، کە بە سوپرایزێکی گەورەی ژیانی ناوی برد.

سەرەڕای سەرکەوتنە گەورەکەی، ئێدواردز ڕایگەیاند کە تەواوی بڕە پارەکە دەبەخشێتە سێ ڕێکخراوی خێرخوازی، ئاماژەی بەوەشکردووە ڕاستەوخۆ دوای بردنەوە هەستی بە دڵخۆشییەکی زۆر کردووە و دەڵێت " سوپاسی خودا دەکەم، بە تەواوەتی دەزانم چی لەو پارەیە دەکەم، بەو هیوایەی کارەکانم نموونەیەک بێت بۆ کەسانی دیکە، بەشێوەیەک کە دڵخۆشییەکانیان لەگەڵ خەڵکی دیکەدا بەش بکەن"