بەرپرسانی
زەورا بەرامبەر بەشداریکردنی رۆناڵدۆ بەڵێنیان داوە بە باشترین شێوە ئەو یاریزانە
بپارێزن و ژەمی تایبەتی خواردنی ئەوروپی بۆ دابینبکەن.
بڕیارە شەوی
چوارشەممە، یانەی نەسری سعودی لە یارییەکانی چامپیۆنز لیگی دووی ئاسیا لە بەغدای
پایتەختی عێراق رووبەڕووی یانەی زەورا ببێتەوە و خەڵکی عێراقیش چاوەڕێی هاتنی
کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکەن.
رۆژنامەی
شەرق ئەوسەت بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی یانەی نەسر داوایان کردووە ژووری تایبەت
بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ و سەرجەم یاریزانەکانیان دابینبکرێت لە کاتی سەردانی کردنیان
بۆ شاری بەغدا.
ئەو
رۆژنامەیە نوسیویەتی، لە ئێستادا شوێنی یانە سعودیەکە لە هۆتێل دڵی جیهان لە
بەغدای پایتەخت دیاریکراوە و ژوورەکەی کریستیانۆش دەڕوانێت بەسەر روباری دیجلەدا،
جگە لەوەش خواردنی ئەوروپی بۆ ئەو یاریزانە دابین دەکەن بە شێوەیەک کە شێفێکی
تایبەت لە ئەوروپاوە بانگهێشتکراوە تا خوارن بۆ ئەستێرە پۆرتوگالیەکە ئامادەبکات.
ئاماژەی
بەوەشداوە، بەڵێنیش بە یانەی نەسر دراوە کە بە باشترین شێوە کریستیانۆ رۆناڵدۆ
بپارێزن و تیمێکی شارەزا بۆ پاراستنی ئەو یاریزانە دابین دەکەن بەرامبەر ئەوەی کە
گەشتی وڵاتەکەیان بکات.
لەلایەکی
ترەوە، غەیس عەبدولغەنی جێگری سەرۆکی پێشووی یانەی زەورا دوپاتیکردەوە کە یانەی
نەسر لیستێکی 100 کەسیان ناردووە بۆیان کە گەشتی عێراق دەکەن و ناوی رۆناڵدۆش لە
لیستەکەدایە ئەگەر ئەوەش روبدات ئەوا هاتنی ئەو یاریزانە کاریگەریەکی بەرچاوی
دەبێت بۆ عێراق و دڵخۆش کردنی خەڵکی وڵاتەکەمان.