توێژینەوەیەکی ئەم دواییە کە لەلایەن توێژەرانی
زانکۆی کالیفۆرنیاوە ئەنجامدراوە، ئاشکرایکردووە هەبوونی ئامانجێکی ڕوون لە ژیاندا مەترسی
تووشبوون بە نەخۆشی بیرچوونەوە بە ڕێژەی ٢٨%. کەمدەکاتەوە.
بەپێی ماڵپەڕی "ساینس ئەلێرت" توێژینەوەکە
بەدواداچوونی بۆ ١٣ هەزار و ٧٦٥ بەشداربووی سەروو تەمەنی ٤٥ ساڵ کردووە، پشتی بە
داتای تەندروستی و دەروونی درێژخایەن بەستووە.
ئەنجامەکان دەریانخستووە، ئەو کەسانەی ئامانجێکی
دیاریان هەبووە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا کەمتر کەمتر تووشی بیرچوونەوە بوون هەروەها
دەستپێکردنی نەخۆشی بیرچوونەوەیان دواکەوتووە بە بەراورد بەوانەی ئامانجیان
نەبووە.
پزیشکی دەروونی ئەلیزا وینگۆ دەڵێت "دۆزینەوەکانمان
ئەوە دەردەخەن کە هەبوونی ئامانجێک لە ژیاندا یارمەتی مێشک دەدات کە خۆڕاگری خۆی
بپارێزێت لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا، تەنانەت لەو کەسانەی کە هۆکاری مەترسی بۆماوەیی
بۆ نەخۆشی زەهایمەریان هەیە، هەستکردن بە ئامانج پەیوەندی بە دواکەوتنی سەرهەڵدانی
نیشانەکانەوە هەبووە"
توێژەران ڕوونیان کردووەتەوە کە هۆکارە کاریگەرەکانی
دیکەیان لەبەرچاو گرتووە وەک تەمەن، ڕەگەز، خوێندن، خەمۆکی و مەترسی بۆماوەیی پەیوەست
بە جینی APOE4،
ئەمەش پەیوەندی نێوان ئامانج لە ژیان و تەندروستی مێشک بەهێزتر دەکات.
توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە نەکردووە کە چ ئامانجێک
واتا بە ژیان دەبەخشێت، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمانە دەتوانن پەیوەندی کۆمەڵایەتی،
کار، باوەڕ، یارمەتیدانی کەسانی دیکە، یان دانانی ئامانجی کەسی لەخۆ بگرن.
نیکۆلاس هاوارد، لێکۆڵەری تەندروستی گشتی دەڵێت،
"ئەوەی لەم دۆزینەوەیەدا سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە مرۆڤەکان دەتوانن تا ڕادەیەک
تەندروستی خۆیان باشتر بکەن بە بیرکردنەوە لەوەی ئاماجیان چییە لە ژیاندا، هەرگیز درەنگ
نییە دەست بکەین بە گەڕان بەدوای ئەو مەبەستەدا"
ئەم دۆزینەوانە لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی پێشوودا یەکدەگرنەوە
کە هەبوونی ئامانج بەستراوەتەوە بە کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی بیرچوونەوە.