نەخۆشی وەهمی خیانەت یان دڵپیسی چییە؟

PM:05:34:23/06/2023

8456 جار خوێندراوەتەوە

نەخۆشی وەهمی خیانەت یان دڵپیسی نەخۆشیەکی دەروونیە، کەسی تووشبوو بیرۆکەی بێ بنەما و هەڵە و پووچی بۆ دروست دەبێت لە شێوەی وەسوەسە یان وەهم، وا بیر دەکاتەوە هاوژینەکەی خیانەتی لێ دەکات و دەستی تێکەڵ کردووە لەگەڵ کەسێکی تر.

دکتۆر ئازاد خۆشناو پسپۆڕی نەخۆشیە دەروونیەکان لە بڵاوکراوەیەکیدا ئەم بابەتە روون دەکاتەوە و دەڵێت، کاتێک ئەم حاڵەتە تووندتر دەبێت دەگاتە ئەوەی کەسی تووشبوو سادەترین قسە و هەڵسوکەوتی هاوژینەکەی بە خیانەت و ئاماژە بۆ خیانەت و تەنانەت هەندێک جار لە هزری خۆیدا دەیکاتە بەڵگە بۆ خیانەت، بۆ نموونە هاوسەرەکەی چووەتە بەر دەرگا بۆ فڕێدانی خۆڵ و خاشاک، ئەم وا بیر دەکاتەوە بۆ ئەوە چووە تا خۆشەویستەکەی ببینێت یان لەوانەیە گەر کەسێک لەم کاتەدا بەو شوێنەدا بروات، کەسی تووشبوو وەهم و وەسوەسەکە بخاتە سەر ئەو کەسەش.

گرنگترین هۆکارەکانی دروست بوونی ئەم حاڵەتە بریتین لە:

١. خواردنەوە کحولیەکان.
٢. حەب و ماددەی هۆشبەر، بەتایبەت کریستاڵ و کۆکاین.
٣. ئەوانەی بە منداڵی کێشەی سایکۆلۆجیان هەبووە یان رووبەڕووی حاڵەتێکی دەروونی نەخوازراو بوونەتەوە.
٤. ئەو منداڵانەی باوانەکانیان لە راستیدا خیانەتیان لەگەڵ یەکتر کردووە بەبەرچاو و ئاگایی ئەوان.
٤. ئەوانەی کێشەی لاوازی سێکسی و کێشەکانی تری ئەنجامدانی پڕۆسەیەکی جووتبوونی تەندروسیان هەیە.

چارەسەری ئەم حاڵەتە چۆنە و چی بکرێت بۆ رێگە گرتن لەم حاڵەتە؟
لەگەڵ ئەوەی کەسانی تووشبوو بەم تەنگەژە دەروونیە زۆربەی جار هەست بە نەخۆشیەکەیان ناکەن و پێیان وایە وەهم و وەسوەسەکەیان راستیە و تەنانەت زۆر جار بەدوای بەڵگەدا دەگەڕێن بۆ سەلماندنی، بەڵام پێویستە لەلایەن کەسانی نزیک و خەمخۆری خێزانەکانیان رێنموونی بکرێن بۆ ڕاوێژکردن بە پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیە دەروونیەکان، کە ئەمیش بەگوێرەی توندی حاڵەتەکە ڕێگاکانی چارەسەری دەگرێتە بەر لەوانە دەرمان، چارەسەری سایکۆلۆجی، تەنانەت بەکارهێنانی چارەسەری تەزوویی (ECT) بۆ کەسەکە.