دۆخی تەندروستی سێلین دیۆن چۆنە؟

PM:06:04:19/03/2026

92 جار خوێندراوەتەوە

خانمە گۆرانیبێژی بەناوبانگی کەنەدی، سێلین دیۆن نوێترین هەواڵی لەبارەی تەندروستی خۆیەوە بڵاوکردەوە.

سێلین لە نوێترین لێدوانیدا باس لە دۆخی تەندروستی خۆی دەکات و دەڵێت "تەندروستیم باشە و بەرەو گۆڕانکاری گەورە هەنگاو دەنێم."

وتیشی "ئێستا زۆر وەرزش دەکەم، من حەزم لە جووڵەیە و بەو هۆیەشەوە کێشی جەستەم زۆر دابەزاندووە، بەڵام هەست بە تەندروستییەکی زۆر باشتر و بەهێزتر دەکەم لە جاران."

ئەمە لە کاتێکدایە هەوادارانی سێلین دیۆن بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی خانمە هونەرمەندەکە دەکەن بۆ گۆرانیگوتن و سەر ستەیج، ئەمەش لەدوای تووشبوونی بە نەخۆشیی ڕەقبوونی ماسولکەکان، کە بەهۆی نەخۆشییەکەوە دەنگی لەدەستداوە و ناتوانێت وەک پێشتر گۆرانی بڵێت.

جیا لە وەرزشکردنەکەی، بەپێی سەرچاوەکان، ئەو هونەرمەندە هەفتەی پێنج ڕۆژ ڕاهێنانی تایبەت وەردەگرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت دەنگی بگەڕێنێتەوە و وەک جاران گۆرانی بۆ هەوادارەکانی بڵێتەوە.

سێلین دیۆن یەکێکە لە بەناوبانگترین گۆرانیبێژەکان و خاوەنی چەندین بەرهەمی تایبەت و بەناوبانگە، کە بە دیارترینیان و زۆربەشمان گوێبیستی بووین، گۆرانییەکەیەتی بۆ فیلمی تایتانیک.