خانمە هونەرمەندی جیهانی شاکێرا بەهۆی ئاڵۆزییەکانی
ناوچەکەوە کۆنسێرتەکانی لە ئوردن و هیندستان دواخست.
لایەنی ڕێکخەر بۆ کۆنسێرتەکەی ئەستێرەی جیهانی
شاکێرا لە شاری عەقەبە لە باشووری ئوردن، لە ڕێگەی بەیاننامەیەکی فەرمییەوە دواخستنی
ئەو کۆنسێرتەی ڕاگەیاند کە بڕیار بوو لە ٢٨ی ئازاری ٢٠٢٦ لە چوارچێوەی گەشتە جیهانییەکەیدا
بە ناوی "Las Mujeres
Ya No Lloran World Tour"
ئەنجام بدرێت.
لە بەیاننامە فەرمییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە
کە بڕیاری دواخستنەکە ئاسان نەبووە، ئەمەش بەهۆی پێشوازییە بێوێنەکەی هەوادارانی و
چاوەڕوانییەکی زۆر بۆ گەشتە جیهانییەکەی شاکێرا، بەڵام بارودۆخی ئێستای ناوچەکە وایکردووە
گۆڕانکاری لە کاتەکەدا بکرێت بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت لەوەی کۆنسێرتەکە بە باشترین شێوە
بەڕێوەدەچێت.
هەروەها ڕێکخەران دڵنیایییان دایە ئەو هەوادارانەی
کە بلیتیان بڕیوە و ڕایانگەیاند کە بلیتەکان پارێزراون و بۆ کاتە نوێیەکە کارا دەبن،
بەبێ ئەوەی پێویست بە هیچ ڕێکارێکی زیادە بکات.
وەک ئاسانکارییەک، لایەنی ڕێکخەرەکە دەرگای گەڕاندنەوەی
پارەی بلیتی بە تەواوی بۆ ئەو کەسانە کردەوە کە ناتوانن لە کاتە نوێیەکەدا ئامادەبن،
ئەمەش لە ڕێگەی ماوەیەکی دیاریکراو کە تەنها یەک هەفتە دەخایەنێت و ڕاستەوخۆ دوای ڕاگەیاندنی
وادە نوێیەکە دەستپێدەکات.
لەلایەکی دیکەوە، هەندێک ڕاپۆرتی بڵاوکراوە لە
ئینتەرنێت ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆنسێرتە چاوەڕوانکراوەکەی شاکیرا لە شاری مومبای لە
هیندستان بە تەواوی هەڵوەشاوەتەوە، ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکانی جەنگ و مەترسییە
ئاسایشییەکان لە ناوچەکەدا.
دەسەڵاتە خۆجێییەکان و ڕێکخەران ئەم بڕیارەیان
دوای هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ ڕێکارەکانی سەلامەتی دا و جەختیان لەوە کردەوە کە پاراستنی
گیانی خەڵک لە سایەی ئەم بارودۆخە ناسەقامگیرەدا لە سەرووی هەموو کارە لەپێشینەکانەوەیە.