پەیوەندی نێوان کێشەکانی هەرس و تەندروستی دڵ چییە؟

PM:07:13:18/03/2026

160 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەکی نوێ ئاماژە بەوە دەکات کە کێشە بەردەوامەکانی کۆئەندامی هەرس وەک زەنگێکی مەترسیدار بۆ تەندروستی دڵ و تێکچوونی میتابۆلیزم سەیر دەکرێت.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی"EW"، ئەم توێژینەوەیە لەسەر ٩٣ کەسی پێگەیشتوو ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە ئەو کەسانەی بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگ بەدەست کێشەکانی وەک غازات ، ئازاری ناوسک یان ناڕێکی لە کارکردنی ڕێخۆڵەکان دەناڵێنن، نیشانەکانی تێکچوونی تەندروستی دڵیان زیاتر تێدا بەدی دەکرێت.

بەپێی پشکنینەکان، ئەم کەسانە ئاستی چەوری سیانی "Triglycerides" لە خوێنیاندا زۆر بەرزترە لە بەرانبەردا ئاستی چەوری سوودبەخش"HDL" کە دڵ دەپارێزێت، نزمترە.

هەروەها توێژینەوەکە دەریخستووە کە ئەو کەسانەی کێشەی هەرسیان هەیە، ئاستی شەکرەی خوێنیان لە کاتی بەڕۆژووبووندا بەرزترە بە بەراورد بەو کەسانەی هەرسێکی تەندروستیان هەیە.

ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە کێشە بەردەوامەکانی گەدە و ڕێخۆڵە دەکرێت نیشانەیەک بن بۆ بوونی فشارێکی زۆر لەسەر کرداری میتابۆلیزمی جەستە.

پزیشکان پێشنییار دەکەن وا باشترە، ئەگەر بەدەست کێشەی درێژخایەنی هەرسەوە دەناڵێنیت، تەنها وەک کێشەیەکی سادەی ناوپۆشی گەدە سەیری مەکە.

پشکنینێکی سادەی خوێن دەتوانێت پەردە لەسەر مەترسییە شاراوەکانی سەر دڵ و دەمارەکان لابدات، چونکە زۆرجار تەندروستی ڕێخۆڵەکان ئاوێنەی تەندروستی گشتی جەستەیە و بەتایبەتیش تەندروستی دڵ.