کۆترەکان ماڵی پیاوێک داگیر دەکەن

PM:07:49:16/03/2026

260 جار خوێندراوەتەوە

چیرۆکی پیاوێکی خەڵکی شاری "ڤۆرکوتا" لە ڕووسیا، ، بووەتە جێی باسی سۆشیاڵ میدیا دوای ئەوەی ڤیدیۆی شوقەکەی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەیان کۆتر وەک ئەوەی خاوەنی ماڵەکە بن، لەناو ژوورەکاندا نیشتەجێ بوون.

ئەم پیاوە تەمەن ناوەندە، سێ ساڵ لەمەوبەر بۆ کارکردن ڤۆرکوتای جێهێشتووە و ڕووی کردووەتە سیبیریا، بەڵام لەکاتی ڕۆشتنیدا بیرچووە یەکێک لە پەنجەرەکانی شوقەکەی دابخات، کارەساتەکەش لەمەوە دروست بوو.

هەر ئەمەش بووەتە هەلێکی زێڕین بۆ کۆترەکانی ناوچەکە تا شوقەکە بکەنە نیشتمانی خۆیان و هەموو کەلوپەل و ئەرزەکە بە پەڕ و پاشماوەکانیان دابپۆشن.

خاوەن ماڵەکە لە ڤیدیۆکەدا بە گاڵتەجاڕییەوە دەڵێت: "ئەمە چییە؟ هاتمەوە و بووەتە "دوبەی کۆترەکان" هێندە پاشماوەیان جێهێشتووە دەتوانیت ئەرزێکی نوێی پێ دروست بکەیت، وا سەیرم دەکەن وەک ئەوەی من کرێچییەکی قەرزار بم و ماوەیەکی زۆر بێت کرێم نەدابێت وەک ئەوەی من داگیرکەری دەوڵەتی کۆترەکان بم نەک خاوەن ماڵ."

شارەزایان دەڵێن نۆژەنکردنەوەی ئەم شوقەیە و گۆڕینی کەلوپەلەکانی نزیکەی ١٦ بۆ ٢١ هەزار دۆلاری تێدەچێت، کە ئەمەش ڕێک هاوتای نرخی خودی شوقەکەیە لە نوسینگەی خانوبەرەی ئەوێدا.

جگە لەوەش، بەهۆی مەترسی نەخۆشییەکانی وەک "ئەنفلۆنزای باڵندە"، پێویستە هەموو دیوار و ئەرزەکە بە ماددەی کیمیایی تایبەت پاک بکرێنەوە تا دووبارە بۆ ژیان بشێت.

بەڵام ئەم بابەتە خەڵکێکی زۆری هێناوەتە پێکەنین و خەڵکێکی زۆر لە کۆمێنتەکاندا بە گاڵتەوە پێی دەڵێن "کڕینی شوقەیەکی نوێ هەرزانتر لەسەرت دەکەوێت".