پاشماوەی بوونەوەرێکی گەورە دۆزرایەوە

PM:02:03:16/03/2026

152 جار خوێندراوەتەوە

لە کاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکی ڕێگاوبان لە شاری لۆبۆک، کرێکاران بە ڕێکەوت ددان و ئێسکی جۆرە تەمەڵێکی گەورەی کێوییان دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ چەرخی سەهۆڵبەندان دەگەڕێتەوە.

لە ماڵپەڕی "د" بڵاوکراوەتەوە، ئەم بوونەوەرە کە بە "تەمەڵی زەمین" ناسراوە، یەکێک بووە لە ئاژەڵە سەیر و گەورانەی سەردەمی پلایستۆسین درێژییەکەی گەیشتووەتە نزیکەی سێ مەتر و کێشی زیاتر لە ٢٥٠ کیلۆگرام بووە، ئەمەش وای کردووە زۆر لە تەمەڵە بچووکەکانی ئێستا جیاواز بێت.

ئەم ئاژەڵە کە بە جۆری "Shasta Ground Sloth" ناوزەند دەکرێت، گیانلەبەرێکی ڕوەکخۆری هێواش بووە و خاوەنی چنگی زۆر گەورە و بەهێز بووە بۆ بەرگری لە خۆی و کێشانی لقی دارەکان.

زانایان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەم جۆرە بوونەوەرانە نزیکەی ٢.٦ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لە ئەمریکای باشوورەوە بەرەو باکوور کۆچیان کردووە.

دۆزینەوەی ددانە ناوازەکەی لەم شوێنەدا یارمەتی زانایان دەدات باشتر لە جۆری خۆراک و ئەو ژینگەیە تێبگەن کە هەزاران ساڵ لەمەوبەر لە تەکساسدا هەبوون، بە تایبەت کە ناوچەکە دەوڵەمەند بووە بە دەریاچە کۆنەکان.

بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی تەکساس ڕایانگەیاندووە کە دۆزینەوەی ئەم پاشماوانە لە کاتی ڕووپێوی ژینگەیی پڕۆژەکەدا بووە و دەستبەجێ تیمە شوێنەوارییەکان و پسپۆڕانی مۆزەخانەی زانکۆی "تەکساس تێک" هێنراونەتە شوێنەکە.

جێگەی باسە زانایان هێشتا سەرقاڵی پشکنینن و لێکۆڵینەوەی زیاترن، بۆ دڵنیابوونەوە لە بەشە ئێسکەکانی دیکە.

سەرەڕای گرنگیی دۆزینەوەکە، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کارەکانی پڕۆژەی ڕێگاکە ڕاناوەستێت، بەڵکو هەوڵ دەدەن هاوسەنگییەک لە نێوان پاراستنی مێژوو و ئاوەدانکردنەوەی شارەکەدا دروست بکەن.

بڕیاریشە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، ئەم پاشماوانە وەک بەشێک لە مێژووی دێرینی ناوچەکە لە مۆزەخانەدا بۆ بینەران نمایش بکرێن.