دوای ٢٨ ساڵ، کچێک بە خێزانەکەی شادبووەوە

PM:03:11:20/03/2026

560 جار خوێندراوەتەوە

کچێکی چینی پاش ٢٨ ساڵ توانی بە خێزانەکەی شادبێتەوە و دووبارە لە باوەشیان بگرێ.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری "ndtvئەم چیرۆکە پڕ لە سۆزە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٨، کاتێک باپیری هۆنگ تەنیا دوای دوو ڕۆژ لە لەدایکبوونی، بەهۆی ئارەزووی بۆ نەوەی کوڕ، ئەم کچەی لە دایکی ڕفاند و لە دەستشۆرێکی گشتیدا جێی هێشت.

دواتر لەلایەن خێزانێکی هۆڵەندییەوە هەڵگیرایەوە و گواسترایەوە بۆ ئەوروپا، لەوێ گەورە بوو و ژیانێکی سەرکەوتووی بۆ خۆی دروست کرد.

هۆنگ یانگلێی تەمەن ٢٨ ساڵ ئێستا خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە، دواجار لە ڕێگەی پشکنینی دی ئێن ئەی و بە هاوکاری خۆبەخشەکان توانی خێزانە ڕاستەقینەکەی لە چین بدۆزێتەوە، سەرەنجام گەشتی بۆ چین کرد و بە خێزانە چینییەکەی شادبویەوە.

لە کاتی گەیشتنی بە چین، دایک و باوکی بە گریان و باوەشێکی گەرم و پێشکەشکردنی دیاری زێڕ پێشوازییان لە کچەکەیان کرد.

دایکی هۆنگ ئاماژەی بەوە کرد کە هەموو تەمەنی بەهۆی ئەو ڕووداوە ڕقی لە خەزووری بووەتەوە، باوکیشی سوپاسی خێزانە هۆڵەندییەکەی کرد بۆ ئەو پەروەردە جوانەی فێری کچەکەیان کردووە.

ئێستا دایک و باوکە چینییەکە پلانیان هەیە سەردانی هۆڵەندا بکەن بۆ بینینی خێزانە هۆڵەندییەکەی هۆنگ، باوکیشی جەختی کردەوە کە ڕێز لە هەر بڕیارێکی کچەکەی دەگرێت سەبارەت بەوەی لە کام وڵات نیشتەجێ دەبێت و ژیان بەسەر دەبات.