هەبوونی کەسانی بێزارکەر لە ژیانتدا وات لێدەکات زووتر پیر ببیت

PM:07:23:15/03/2026

80 جار خوێندراوەتەوە

هەبوونی کەسانی بێزارکەر و نەرێنی لە ژیانی ڕۆژانەدا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە خێراتربوونی پیربوونی بایۆلۆژیی جەستەی مرۆڤەوە هەیە.

توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکی کە لە گۆڤاری ئەکادیمیای نیشتمانی بۆ زانستەکان بڵاوکراوەتەوە، ئەم توێژینەوەیە ئاماژە بەوە دەکات کە هەر کەسێکی بێزارکەر کە ناچار بیت بە بەردەوامی مامەڵەی لەگەڵ بکەیت دەبێتە هۆی ئەوەی پرۆسەی پیربوونی جەستەت بە تێکڕای 1.5% خێراتر بێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە لە ماوەی دە ساڵدا بۆ هەر کەسێکی بێزارکەر جەستەت نزیکەی دوو مانگ زیاتر لە تەمەنی ڕاستەقینەی خۆت پیر دەبێت.

ئەم کاریگەرییە نەرێنییە زیاتر لەو پەیوەندییانەدا دەردەکەوێت کە مرۆڤ ناتوانێت بە ئاسانی لێیان ڕزگار بێت، وەک هاوکارانی کار، هاوژوورەکان و بەتایبەتیش ئەندامانی خێزان.

توێژەران تێبینییان کردووە کە سترێسی درێژخایەنی نێوان خزمە نزیکەکان کاریگەریی زۆر خراپتری هەیە لەسەر تێکچوونی خانەکان و زیادبوونی هەوکردن لە جەستەدا، کە دەرەنجام دەبێتە هۆی لاوازبوونی کۆئەندامی بەرگری و زیادبوونی مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ.

خاڵێکی سەرنجڕاکێشی دیکەی توێژینەوەکە ئەوەیە کە ژنان زیاتر لە پیاوان ڕاپۆرتی هەبوونی کەسانی بێزارکەریان لە دەوروبەریاندا داوە، هەروەها دەرکەوتووە کە هاوسەرەکان بێبەرین لەم کاریگەرییە، واتە هەبوونی هاوسەرێکی بێزارکەر نابێتە هۆی خێراترکردنی پیربوونی بایۆلۆژی بەو شێوەیەی کە خزمەکانی تر یان هاوکارانی کار دەبنە هۆکار.

ئەم دۆزینەوانە گرنگیی پاراستنی تەندروستیی دەروونی و دوورکەوتنەوە لە پەیوەندییە خراپەکان دەسەلمێنن بۆ پاراستنی گەنجێتی و تەندروستیی جەستە.