لە جیاتی پیاوێک نەشتەرگەری بە هەڵە بۆ ژنێک کرا

PM:03:04:15/03/2026

72 جار خوێندراوەتەوە

لە ڕووداوێکی دەگمەن و سەرسوڕهێنەردا کە بووەتە جێی باسی میدیاکانی سوید، پزیشکێکی چاو هەڵەیەکی گەورە ئەنجام دەدات و لە جیاتی پیاوێک نەشتەرگەری بۆ نەخۆشێکی دیکە ئەنجام دەدات.

بەپێی میدیاکانی ئەو وڵاتە، ڕووداوەکە لە ناوچەی فیستمانلاند لە سوید ڕوویداوە، پیاوێک بەهۆی زۆریی سەرەی چاوەڕوانییەوە، کاتی نەشتەرگەرییەکەی دواخستبوو بەڵام پزیشکی نەشتەرگەر بەبێ ئەوەی وردبێتەوە لە ناسنامە و ژمارەی کەسی (ID) نەخۆشەکە، ژنێکی بانگکردووە کە تەنها بۆ پشکنین و هەڵسەنگاندن چاوەڕێی کردووە و ڕاستەوخۆ دەستی بە نەشتەرگەرییەکە کردووە.

پشکنەری تەندروستی و چاودێریی سوید لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ پزیشکەکە دەستپێکردووە، بەپێی زانیارییەکان، پزیشکەکە تەنانەت تێبینیی ئەوەشی نەکردووە کە نەخۆشەکە ژنە نەک ئەو پیاوەی کە دەبوو نەشتەرگەرییەکەی بۆ بکرێت. کەسەکە لە سکاڵاکەیدا بۆ دەستەی چاودێری نووسیویەتی "ئەم جۆرە هەڵانە دەکرێت کاریگەریی مەترسیداریان لەسەر ژیانی نەخۆش هەبێت."

دوای ئاشکرابوونی ڕووداوەکە، ژنەکە لەو هەڵە گەورەیە ئاگادار کراوەتەوە و پزیشکەکەش دەستبەجێ لە کارەکەی دوورخرایەوە.

لە ئێستادا ناوەندە تەندروستییەکانی سوید ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی توند بوونەتەوە، بەتایبەت لە شێوازی بەڕێوەبردن و پشکنینی زانیارییەکانی نەخۆش پێش چوونە ژووری نەشتەرگەری.