لە گوندێکی
بچووکی کۆماری چیک، پیاوێک لە کاتی نۆژەنکردنەوەی تەوێڵەی ئاژەڵەکانیدا، بەردێکی
دۆزییەوە کە سەرەتا وەک بەردێکی ئاسایی بۆ بیناسازی بەکارهاتبوو، بەڵام دواتر
دەرکەوت کە گەنجینەیەکی مێژوویی ٣٠٠٠ ساڵەیە.
بەپێی هەواڵێکی
ماڵپەڕی "Daily Galaxy”، ئەم بەردە لە ڕاستیدا قاڵبێکی دەگمەنی
سەردەمی بڕۆنزە کە بۆ دروستکردنی سەرە ڕمەکان بەکارهاتووە.
پڕۆفیسۆر میلان سالاش، شوێنەوارناس
لە مۆزەخانەی مۆرابی، ئاماژە بەوە دەدات کە ئەم قاڵبە لە بەردی گڕکانی دروستکراوە
و زۆر بە وردی شێوەی سەرە ڕمێکی لەسەر نەخشێنراوە، ئەمەش نیشانەی لێهاتوویی بەرزی
مرۆڤەکانی ئەو سەردەمەیە لە پیشەسازیی کانزاکاریدا.
توێژینەوەکان دەریدەخەن کە ئەم پارچە
شوێنەوارییە سەر بە "Urnfield culture"بووە کە لەو
سەردەمەدا لە ناوەڕاستی ئەوروپا بڵاوبووەتەوە.
لێکۆڵینەوە جیۆلۆجییەکان
دەریانخستووە کە ئەو بەردە گڕکانییەی قاڵبەکەی لێ دروستکراوە، لە ناوچەکانی
هەنگاریا یان سلۆڤاکیاوە هێنراوە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە لەو سەردەمە کۆنەدا
تۆڕێکی بازرگانیی بەرفراوان لە نێوان ناوچە جیاوازەکاندا هەبووە.
بەهۆی ئەو نیشانانەی گەرمی کە لەسەر
بەردەکە ماونەتەوە، شوێنەوارناسان پێیان وایە کە ئەم قاڵبە چەندین جار بەکارهاتووە
بۆ بەرهەمهێنانی چەکی جەنگی، ئەم دۆزینەوەیەش زانیاریی نوێ و گرنگ دەربارەی
تەکنیکەکان و ژیانی سەربازی لە سەردەمی بڕۆنزدا دەخاتە ڕوو.