زانایانی گەردوونناسی و توێژەران لە نوێترین
هەواڵدا باس لە دۆزینەوەیەکی سەرسوڕهێنەر دەکەن کە پەیوەندی بە ئەگەرەکانی بوونی
ژیان لەسەر هەسارەی مەریخەوە هەیە.
بەپێی هەواڵێکی
ماڵپەری "Daily Galaxy"، پڕۆفیسۆر ویلیام ڕۆمۆسەر لە زانکۆی ئۆهایۆ
دوای شیکردنەوەیەکی ورد بۆ ئەو وێنانەی کە لەلایەن ڕۆڤەری ناساوە نێردراونەتەوە،
بانگەشەی ئەوە دەکات کە چەندین شێوەی ژیانی ئاڵۆزی وەک مێروو و خشۆکەکانی هاوشێوەی
زەوی لەسەر ئەو هەسارەیە دەبینرێن.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەم توێژەرە
ئاماژە بەوە دەکات کە لە وێنەکاندا چەندین بوونەوەری هاوشێوەی هەنگ و مێرووی
جیاواز دەردەکەون کە خاوەنی باڵ و پەل و جەستەی پارچەپارچەکراون و تەنانەت لە
هەندێک دیمەندا وەک ئەوە وایە لە کاتی فڕین یان نیشتنەوەدا بن، جگە لەوەش باس لە
بینینی پاشماوەی هاوشێوەی مار و خشۆکەکان دەکات کە پێکهاتەی سەریان وەک مارەکانی
سەر زەوی وایە.
ڕۆمۆسەر پێی وایە ئەم بەڵگانە
دەریدەخەن کە مەریخ نەک تەنها لە ڕابردوودا بەڵکو ڕەنگە ئێستاش پەناگەی مێروو و
خشۆکەکان بێت کە لەناو ئەشکەوت و کونەکانی ژێر زەوی دەژین، هەرچەندە ئەم
دۆزینەوانە بوون بە جێگەی مشتومڕی زۆر لە ناوەندە زانستییەکان و هەندێک بە گومانەوە
سەیری دەکەن، بەڵام ئەم توێژینەوەیە دەرگایەکی نوێی لە زانستی بایۆلۆژیی
گەردوونیدا کردووەتەوە و پێشنیازی دروستبوونی دوو لقی نوێی زانستی دەکات بە ناوی
"مێرووناسیی گەردوونی" و "خشۆکناسیی گەردوونی" کە ئەمەش
گۆڕانکارییەکی گەورە لە تێگەیشتنی ئێمە بۆ ژیانی دەرەوەی زەوی دروست دەکات.