بەرازێک ناوی دەچێتە کتێبی گینیسەوە

PM:04:05:15/03/2026

52 جار خوێندراوەتەوە

بەرازێکی بچکۆلە بە ناوی "مێرلین" توانی سەرنجی جیهان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و ناوی خۆی لە کتێبی ڕیکۆردە جیهانییەکانی گینیسدا تۆمار بکات، ئەوەش وەک خاوەنی زۆرترین فۆڵۆوەر لەسەر ئاستی جیهان.

مێرلین کە تەمەنی تەنها چوار ساڵە و لە شاری ساکرامێنتۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا دەژی، لە جۆری بەرازی "مینی ڤێتنامی"یە، ئەم ئاژەڵە تەنها بەرازێکی ئاسایی نییە، بەڵکو لە ئینستاگرام زیاتر لە ١.١ ملیۆن فۆڵۆوەری هەیە و ڤیدیۆکانی بینەرێکی خەیاڵییان هەیە.

ئەوەی مێرلینی لە هەموو ئاژەڵەکانی دیکە جیا کردووەتەوە، ژیرییە سەرنجڕاکێشەکەیەتی ئەو فێرکراوە کە لە ڕێگەی فشارخستنە سەر چەند دوگمەیەکی تایبەت کە دەنگی تۆمارکراوی لەسەرە، هەست و داواکارییەکانی دەربڕێت. مێرلین دەتوانێت زیاتر لە ٣٠ دوگمەی جیاواز بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی بە خاوەنەکەی بڵێت چی دەوێت، ئەمەش وای کردووە مشتومڕێکی زۆر لەسەر ئاستی ژیریی بەرازەکە لە جیهاندا دروست ببێت.

مینا ئەلعەلی خاوەنی مێرلینە و لە تەمەنی ٣ مانگییەوە دەستی بە مەشقپێکردنی کردووە. مینا دەڵێت "ئەو کۆمێنتانەی بۆم دێن و دەڵێن ڤیدیۆکانی مێرلین یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ، هاندەری سەرەکیمن بۆ ئەوەی بەردەوام بم."

دوای وەرگرتنی نازناوەکە، مێرلین لە تەنیشت بڕوانامە فەرمییەکەی گینیس وێنەی گرت و خاوەنەکەی سوپاسی هەموو هەوادارانی کرد و وتی "بەبێ ئێوە ئەمە نەدەبوو، ئێمە بۆ هەمیشە سوپاسگوزاری پشتگیرییەکانتانین."