دوای ٢٠ ساڵ گەڕان، کەشتییەکی ونبووی ١٥٠ ساڵ پێش ئێستا دۆزرایەوە.

PM:02:56:06/03/2026

140 جار خوێندراوەتەوە

لە دەستکەوتێکی دەگمەنی مێژووییدا دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سەدە و نیوێک بەسەر ونبوونیدا، دواجار نهێنییە ١٥٠ ساڵییەکەی ژێر دەریا لە ئوسترالیا ئاشکراکرا.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی" ladbible"، کەشتیی هەڵمی"City of Hobart" کە لە ساڵی ١٨٧٧دا باری خەڵووزی دەگواستەوە، بەهۆی شکانێکی کتوپڕی تەوەرەی پەروانەکەی و کونبوونی کەشتییەکە، لە قووڵایی دەریادا نوقم بوو، هەرچەندە لەو کاتەدا کاپتن و تیمەکەی توانییان بە بەلەمی ڕزگارکردن خۆیان رزگاربکەن بەڵام کەشتییەکە بۆ هەمیشە بوو بە نهێنییەکی گەورە.

تیمێکی گەڕانی ژێرئاو بە سەرۆکایەتی مارک ڕایان لە ساڵی ٢٠٠٧وە بەدوای ئەم کەشتییەدا دەگەڕێن، دواجار بە ڕێکەوت لە دووری ٣٠ کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی گیپسلاند پاشماوەکەیان دۆزییەوە. جێگەی باسە لەناو کۆگاکانی کەشتییەکەدا بڕێکی زۆر لەو خەڵووزەی کە ١٥٠ ساڵ پێش ئێستا باری کردبوو تێیدا مابوو، بەڵام بەهۆی بەرزی ڕێژەی خوێی دەریاکەوە هیچ کەلوپەلێکی کەسیی تیمی کەشتییەکە نەمابووەوە.

گرنگیی ئەم دۆزینەوەیەش لەوەدایە کە نەک تەنها ناسنامەی کەشتییەکە پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵکو یەکێکە لەو ڕووداوە دەگمەنانەی مێژووی دەریایی ڕووندەکاتەوە هەروەها ئاستی ئەندازیاری چۆن بووە و لە چ ئاستێکدا بووە.

لەو ناوچەیەی کەشتییەکەی تێدا دۆزراوەتەوە زیاتر لە ٦٦٠ کەشتیی نوقمبوو هەن،بەڵام تاوەکو ئێستا تەنها نیوەیان دۆزراونەتەوە چارەنووسی ئەوانی دیکە هێشتا وەک نهێنییەک ماوەتەوە.