گەنجێکی خاوەن پێداویستی تایبەت، بە
بەهرەکەی وایکردووە هەموو جیهان بە سەرسامییەوە سەیری کارەکانی بکەن.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی " eremnews"، شۆفێرانی شاری ئەنتاڵیای تورکیا، زۆر
کات کە دەگەڕێنەوە لای ئۆتۆمبێلەکانیان، تووشی سەرسوڕمان دەبن، وێنەیەکی هونەریی
پڕ لە وردەکاری لەسەر جامە تۆزاوییەکەی ئۆتۆمبێلەکەیان کێشراوە، ئەمە دەستی
"ئالبێر کۆجابیک"ە، ئەو گەنجەی ناتوانێت بەرگەی بینینی جامێکی تۆزاوی
بگرێت و نەیگۆڕێت بۆ شاکارێکی هونەری.
ئالبێر تەمەنی ٣٠ ساڵە و بە ڕێژەی ٧٨٪ی
توانای بیستنی لەدەستداوە، بەڵام ئەمە نەبووەتە ڕێگر لەوەی ببێتە یەکێک لە
دیارترین شێوەکارەکانی شارەکە، هەرچەندە ئەو وەک شێوەکارێکی پرۆفیشناڵ چەندین
خەڵاتی بردووەتەوە، بەڵام ئەو وێنانەی کە لەسەر جامی ئۆتۆمبێلە تۆزاوییەکان
دروستییان دەکات، ناوبانگێکی جیهانییان پێ بەخشیوە.
ئەم جۆرە هونەرە، کە بە "هونەری
کاتی" دەناسرێت، تەنها تا بارانێک یان سڕینەوەیەک دەمێنێتەوە، بەڵام
وردەکارییەکانی هەمووان سەرسام دەکات.
ئالبێر بۆ کێشانی وێنەی سەر جامی
ئۆتۆمبێل، فڵچەی گرانبەها بەکارناهێنێت، بەڵکو تەنها بە لۆکەی پاککردنەوەی گوێچکە
و کلێنس، دیمەنی باڵەخانە، پرد، چیا، ڕووبار و دارەکان دروست دەکات و جامی دواوەی
ئۆتۆمبێلەکان دەکاتە پێشانگایەکی گەڕۆک.
چیرۆکی ئالبێر کۆجابیک لە
نەخۆشخانەوە دەستی پێکرد، کاتێک لە ساڵی ١٩٩٥ لە ئەنتاڵیا لەدایکبوو، بەهۆی
کێشەیەکی زگماکییەوە ٧٨٪ی توانای بیستنی لەدەستدا، لە تەمەنی پێنج ساڵیدا بەهۆی
نەخۆشیی ڕەبۆوە مانگانە چەندین ڕۆژ لە نەخۆشخانە دەمایەوە، دەستی کرد بە کێشانی
وێنەی ژوورەکەی، پزیشکەکان و پەرستارەکان، دواتر لە کاتی خوێندندا مامۆستاکانی
بەهرەکەیان تێدا بینی و گەیشتە قوتابخانەی هونەرە جوانەکان و دواتر بەشی شێوەکاری.
ئێستا ئالبێر خاوەنی سەنتەری تایبەتی
خۆیەتی بۆ فێربوونی وێنەکێشان و وەک فۆتۆگرافەریش کار دەکات، چیرۆکی ژیانی بووەتە
هەوێنی دوو فیلمی دۆکیۆمێنتاری و لە میدیاکانی تورکیادا وەک پاڵەوانێکی تێکۆشەر
دەردەکەوێت.
ئەو لە هەژماری ئینستاگرامەکەیدا،
هەمیشە وێنەی تابلۆکانی بڵاو دەکاتەوە، هەودارانی سەرسارمی خۆیان بۆ دەردەبڕن.